Accessibility links

زەیتون ئەلدولەیمی: نەخێر بە هیچ شێوەیەک لێدوانەکانی قەیس خزعەلی کاریگەرییان نییە بەسەر شەقامەوە


هێزە ئاسایشیەکان لە شاری بەغدا خرانە بارێکی تەواوەتی ئامادەباشییەوە وەک خۆ ئامادەکردنێک بۆ خۆپیشاندانی چەند ملیۆن کەسی.

بەڵام وەک زەیتون ئەلدولەیمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی هێزە یەکگرتووەکانی عێراق دەڵێت تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بەردەوامن وەک هەموو ڕۆژەکانی تر و بۆ ئەمڕۆش سێشەممە هیچ شتێکی چاوەڕوان نەکراو ڕووینەداوە.

بەڕێز ئەلدولەیمی دەڵێت ئێستاش حکومەت و پەرلەمانیش لە پەیوەندیدان لەگەڵ خۆپیشاندەران و دانوستاندن بەردەوامە و دەشڵێت "خۆپیشاندەرانیش دەزانن لە حئاکامی ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە ژمارەیەک دەستکەوت بەدەست هاتوون و لەچەند ڕۆژی داهاتووشدا دەستکەوتی زیاتر بەدەست دێت هاوشێوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن."

زەیتون ئەلدولەیمی باسیش لە دانیشتنەکەی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت ئەو کۆبوونەوەیەش تەرخانکرا بۆ چاکسازی کردن لە یاسای هەڵبژاردندا و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە دەنگی لەسەر بدرێت و وەک دەڵێت لە هەفتەی ئایندەشدا یاسای نوێی هەڵبژاردن بە تەواوەتی تەواو دەبێت و ئەمەش بەشێکی گرنگی داواکانی خۆپیشاندەرانە تا جێبەجێ بکرێت.

سەبارەت بە لێدوانەکەی قەیس خزعەلی، سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە گوتبووی ڕۆژی سێشەممە خوێنێکی زۆر لە بەغدا دەڕژێت و ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر دەکوژرێن؛ بەڕێز ئەلدولەیمی دەڵێت ئەوا ڕای خۆیەتی و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی نییە بە هێزە ئاسایشیە عێراقییەکانەوە.

هەتا ئێستا ناوی هیچ کەسێک ڕانەگەیەندراوە تا پۆستی سەرەک وەزیری عێراق وەربگرێت، بەلام زەیتون ئەلدولەیمی دەڵێت جموجۆڵێکی بەهێزی سیاسی و دانوستاندن و دانیشتن و کۆبوونەوە و وتووێژی چڕ و پڕ هەن بۆ دەستنیشانکردنی یەکێک لە کەسایەتیە عێراقییەکان تا پۆستی سەرەک وەزیر وەربگرێت و دەشڵێت ژمارەیەک ناو لەبەردەستدا هەن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، بەڵام وەک دەڵێت گرنگترین شت ئەوەیە شەقامی عێراقی پەسەندی بکات.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ زەیتون ئەلدولەیمیدا، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:34 0:00

XS
SM
MD
LG