وەزیری دادی گەمبیا ڕۆژی سێشەممە لە دانیشتنی دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە بوو بە مەبەستی ناساندنی توندوتیژییەکانی دژ بە ڕۆهینگیاکانی میانمار بە جینۆساید و دڵنیابوونەوە لەوەی جارێکی تر ئەم جۆرە هەڵمەتە دووبارە نەبێتەوە لە کاتێکدا ڕێبەری میانمار ئاون سان سوچی ئامادەیە بۆ بەرگری کردن لە کردارەکانی لەشکری وڵاتەکەی.
کەسایەتی ناسراوی دیموکراسیخوازی پێشوو و ڕێبەری ئێستای میانمار سوچی لە ڕیزی پێشەوەی دادگاکە دەبیندرا لە کاتێکدا پارێزەران وردەکاری کوشتن و ماڵوێرانی دەیان هەزار ژن، پیاو و مناڵی ڕۆهینگایان لە هەرێمی ڕاخاینی باکوری میانمار خستە بەردەم ئەو دادا نێونەتەوەییە.
وەزیری دادی گامبیا ئەبوبەکر ئەمبادو بە دادگای لاهای ڕاگەیاند " لە ڕاستیدا زۆر مایەی خەمبارییە بۆ ئەم نەوەیەی ئێمە کە پاش 75 ساڵ لەوەی کە مرۆڤایەتی بەڵێنی دا جارێکی تر ئەمە دووپات نەبێتەوە، کەچی لەبەرچای خۆمان جینۆسایدێکی تر ڕوویدا و هێشتا ناتوانین شتێک بکەین کە ڕایبگرین."
گامبیا کە وڵاتێکی بچووکە لە باشوری ئافریکا بە نێوی ڕێکخراوی وڵاتانی هاوکاری ئیسلامی سکاڵاکەی لە ددگای لاهای تۆمار کرد.
لەشکری میانمار لە مانگی 8 ی ساڵی 2017 دەستیکرد بە هەڵمەتێکی دژە یاخیبوونی زۆر توند دژ بە ڕۆهینگیاکان. زیاتر لە 700 هەزار موسوڵمانی ڕۆهینگیا ئاوارەی بەنگلادێش بوون لەو هەڵمەتەی کە بە هەوڵێک بۆ پاکتاوکردنی نژادیان لەقەڵم دەدرێت و تیایدا دەستدرێژی سێکسی بە کۆمەڵ، کوشتن و سوتانی ماڵەکانیان ئەنجام درا.
بەرپرسی ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە مانگی 10 هۆشداری دا " مەترسیەکی گەورە هەیە ڕوودانەوەی جینۆساید هەیە." هەروەها گوتیشی پێویستە میانمار لە ئاستێکی یاسایی نێونەتەوەیی تاوانبار بکرێت بۆ گوایە تاوانی جینۆسایدی دژ بە ڕۆهینگیاکان.
میانمار بە توندی نکوڵی لە تاوانی لەو جۆرە دەکات بەڵام دەشڵێت ئامادەیە هەنگاوی دژ بەو کەسانە بنێت کە کارێکی نابەجێیان کردبێت ئەگەر بەڵگەی پێویست بخرێتە ڕوو.
ئاون سان سوچی، کە لە ساڵی 1991 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا بەهۆی هەڵمەتەکانی بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ژێر دەسەڵاتی جونتای ئەو کاتەی میانمار، لە ڕێزی پێشەوەی دادگاکە دانیشتبوو کاتێک نوێنەرانی گەمبیا دۆسێکەیان خستە بەردەم دادگا. ئەو نوێنەرایەتی شاندی میانمار دەکات لە لاهای.
ژمارەیەک لە پشتیوانانی ڕۆهینگیاکان لە دەرەوەی دادگاکە کۆببونەوە و دروشمی " جینۆساید ڕاگرن" یان بەرزکردبۆوە و هەندێکیان وێنەی سوچیان بەرزکردبۆوە کە لێی نوسرابوو " شەرمەزار بیت" و " جاسوسی لەشکر". بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە دادگاکە گوێ لە سوچی بگرێت کاتێک بەرگری لە کردارەکانی ئەو لەشکرە دەگرێت کە بۆ چەندین ساڵ لەماڵەکی خۆیدا دەستبەسەریان کردبوو.
گروپێک لە 7 کەسی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی داوایان لە سوچی کردووە " بە ئاشکرا دان بنێت بەو تاوانانەی ئەنجام دراون لە ناویاند جینۆسایدی دژ بە ڕۆهینگیاکان." ئەوان دەڵێن ئێمە نیگەرانین لەوەی کە سوچی لەبەری ئەوەی تاوانەکان شەرمەزار بکات کەچی بە بەردەوامی نکوڵی لەوە دەکات کە ئەو دڕندایەتییە ئەنجام درابێت.
بەڵام لە میانمار سەدان کەس ڕێپێوانیان ساز دا بۆ پشتیوانی کردن لێی. لە یەکێک لە گردبوونەوەکاندا ئامادەبوان ئاون سان سوچیان بە دایکی دیموکراسی ناودێر دەکرد.