Accessibility links

لە نەخۆشخانەیەکی کۆماری چیک هێرشبەرێک شەش کەس دەکوژێت و پاشان فیشەکێکیش دەنێت بە سەری خۆیەوە


پۆلیس دەڵێت پیاوێکی تەمەن 42 ساڵان ڕۆژی سێشەممە لە ژووری چاوەڕوانی نەخۆشخانەیەکی ڕۆژهەڵاتی شاری ئۆستراڤای کۆماری چیک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستڕێژی بە نێو خەڵکیدا کردووە و 6 کەسی کوشتووە بەر لەوەی فیشەکێک بنێت بەسەری خۆیەوە.

ئەمەش کوشندەترین هێرشی لەو جۆرە لەوەتای ساڵی 2015 وە کە پیاوێک لە نێو ڕێستورانتێکدا تەقەی لە خەڵکی کرد و 8 کەسی کوشت پاشان خۆی کوشت، لەو وڵاتەی کە ئەم جۆرە تەقەکردنە هەڕەمەکیانە تیایدا دەگمەنە.

هەتا ئێستا ڕوون نییە مەبەستی هێرشبەرەکە لەو تەقەکردنەدا چی بووە کە لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆستراڤا ڕوویدا. ئەو شارە بە نزیکەی 350 کیلۆمەتر دوور دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پراگی پایتەختەوە و نزیکە لە سنوری پۆلەنداوە.

سەرۆک وەزیری وڵاتەکە ئەندرێژ بابیس بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند ئەمە " کردارێکی تاکەکەسی" بووە.

هێرشبەرەکە لەسەرەتاوە پاش تەقەکردنەکە لە نەخۆشانەکە هەڵهات پاشان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی کاتێک هەلیکۆپتەری پۆلیس بە سەر ئاسمانی ناوچەکەوە بوو لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی فیشەکێکی نا بەسەری خۆیەوە.

نزیکەی نیو کاتژمێر پاش ئەوەی تەقەی لە خۆی کرد کوژرا. وەزیری ناوخۆی کۆماری چیک ژان هەماسیک لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە گوتی " ئەنجامدەری ئەم کردارە دڕندانەیە مرد."

XS
SM
MD
LG