Accessibility links

بورهانەدین ئیبراهیم: بە دووری نازانم ئەو هێرشەی کرایە سەر بارەگای سەدر کاردانەوەی پاش سزاکانی ئەمریکا بێت


خۆپیشاندەرانی عێراقی لە مەیدانی خەلانی و پردی سنەک خەڵتانی خوێن کراون و سەرچاوە تەندروستییەکان ئاماژە بە کوژرانی زیاتر لە 20 کەس دەکەن و هەروەهاش برینداربوونی سەدان کەسی تریش.

ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت کەمتەرخەمییەکی زۆری هێزە ئاسایشیەکان و دەسەڵاتدارانی عێراقی هەیە، چونکە ڕێگەیان داوە بە چەکداری نەناسراو و بە میلیشیاکانیش بۆ لێدانی ئەو خۆپیشاندەرانەی بە ئاشتیانە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن.

بورهانەدین ئیبراهیم دەڵێت دوابەدوای ڕووداوەکانی ڕۆژی هەینی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی کردووە و بەرپرسە باڵاکانی ئاسایش و بەرگری بانگهێشت کردووە بۆ دوو مەبەست؛ یەکەمیان لێپێچینەوە کردن و دووهەمیشیان ڕاوێژکردن.

بەڕێز ئیبراهیم دەڵێت هێشتاش نازانرێت چۆن ئەو ژمارە زۆرەی وەک دەگوترێت چەکداری نەناسراو چوونەتە ناو خەڵکەوە و خوێنی خەڵکیان بە ناهەق ڕژاندووە.

ئەم ڕاوێژکارەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی لە ئێستادا حکومەتێکی کار بەڕێکەرە، بەڵام هێشتا دەسەڵاتی هەیە و هێشتاش بەرپرسیارە، دەشڵێت ئەی بۆچی پەرلەمانی عێراق لێپێچینەوە لەو وەزیرانە ناکات کە پۆستەکانیان پەیوەندییان بە باری ئاسایشیەوە هەیە.

بەڕێز ئیبراهیم دەڵێت ئەگەر نوێنەرانی خەڵک بەو ئەرکانەی خۆیان هەڵنەستن، چۆن دەتوانن ڕووبەڕووی دەنگدەرانی خۆیان ببنەوە، ئەگەر نەتوانن ئەو هێزە چەکدارانە ڕابگرن.

سەبارەت بە ڕووداوی هێرشکردنە سەر ماڵی موقتەدا ئەلسەدر، لە ناوچەی حەنانە لە شاری نەجەف، بورهاندەین ئیبراهیم ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەو هێرشە هیچ مانایەکی نییە بێ لە مایەپووچی سیاسی و هەوڵی هەندێک لایەن بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی و ڕشتنی خوێنی خەڵکی بێتاوان.

لەسەر بنچینەی وتوویژەکەی لەگەڵ بورهانەدین ئیبراهیم، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:42 0:00


XS
SM
MD
LG