Accessibility links

مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق زیاتر دەبێت


بەغدای پایتەختی عێراق شەوێکی "خوێناوی"بەڕێکرد، کە بەهۆی هێرشەکەی شەوی رابردووی چەکدارانی "دەمامکدار" بۆ سەر خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی خەلانی و پردی سنەک، زیاتر لە بیست خۆپیشاندەر کوژران و نزیکەی هەفتا خۆپیشاندەری تر برینداربوون.

هێرشە خوێناویەکەی شەوی رابردووی بەغدا بۆ سەر خۆپیشاندەران، نەک خۆپیشاندەرانی لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان دوورنەخستەوە، بەڵکو شەقامی عێراقی توڕەتر کرد و خەڵکیکی زۆر خۆیان گەیاندە نێو خۆپیشاندەران.

هەرچەندە تا ئێستا حکومەتی عێراقی بەفەرمی ناسنامەی ئەو چەکدارانەی ئاشکرا نەکردووە، کە شەوی رابردوو، خۆپیشاندەرانی بەغدایان "کوشت و بڕ"کرد، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ حیزبوڵای عێراقی دریژ دەکرێت.

دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بێ ئاماژەدان بە ناسنامەی ئەو گروپ و چەکدارانەی کە خۆپیشاندەران دەکوژن، بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی"ئەو گروپانە دەیانەوێ دۆخی عێراق بە ئاقارێکی خراپدا بەرن، داوامان کردووە ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت."

لەگەڵ هێرشی چەکدارانی "حیزبوڵا"دا بۆ سەر خۆپیشاندەران، چەکدارانی سەر بە ڕەوتی سەدر بە بێ چەک، رژانە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، لە ناوچەی سەدری بەغداشەوە، لایەنگرێکی زۆری رەوتی سەدر خۆیان گەیاندە نێو خۆپیشاندەران.

جیاوازی بۆچوونی رەوتی سەدر لەگەڵ گروپە شیعیەکانی تردا سەبارەت بە خۆپیشاندەران، مەترسی هەڵایسانی شەڕی دروستکردووە، بەتایبەت ئەو گروپانە درێغی ناکەن لە کوشتنی خۆپیشاندەران، لەبەرامبەردا سەدر پشتگیری خۆپیشاندەران دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکانی شەوی رابردووی بەغدا، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر خۆپیشاندەران بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بووە، بەڵام بەپێچەوانەوە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان قەرەباڵغ تر بوون."

وتیشی"هێرشەکە دەرئەنجامی ناکۆکی نێوان گروپە شیعیەکان بوو، کە بەشێکیان توندن بەرامبەر خۆپیشاندەران، بەشەکەی تریان نەرمن."

ئەمڕۆ شەمەش، کەسایەتیەکەی نزیک لە موقتەدا سەدر، ئاشکرایکرد شوێنی حەوانەی موقتەدا سەدر لە شاری نەجەف لەلایەن فرۆکەیەکی نەناسراوەوە کراوەتە ئامانج.

دکتۆر بەشیر حەداد، هەڵایسانی شەڕی نێوخۆیی لە عێراق بە یەکێک لە ئەگەرەکان ناوبرد، وتی"گەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، ئەوا لە دەست دەردەچێت و شەڕێکی خوێناوی دروست دەبێت."

چاوەڕوانی ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێراق دەکرێت، بە تایبەت خۆپیشاندەران لە ناوچەکانی عێراقەوە ئامادەکاری دەکەن، تا رۆژی دەی ئەم مانگە بڕۆنە بەغدا، لەبەرامبەریشدا هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی لە زۆربەی ناوچەکانەوە رەوانەی بەغدا کراون.

شوان محەمەد تەها پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، پێیوایە دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کوشتارگەیەکی گەورە لە ناوچەکانی عێراق ڕوویداوە، گەر خەڵکانی ژیر چارەسەرێک بۆ دۆخەکە نەدۆزنەوە، ئەوا دۆخەکە بەرەو شەڕ دەبرێت."

کوشت و بڕکردنی خۆپیشاندەران کە زۆرینەیان شیعە مەزهەبن، درزێکی گەورەی لەنێوان حەشدی شەعبی و خەڵکی عێراق دا دروستکردووە، کە پێشتر ئەو هێزە لای عێراقیەکان وەکو هیزێکی "پیرۆز" لێیدەروانرا، بەو پێیەی لەسەر فەتوای مەرجەعیەت پێکهێنراو شەڕی داعشی کرد.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:14 0:00


XS
SM
MD
LG