Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عێراق لە نێوان کەوتن و هەڵسانەوەدا


قەیرانی سیاسی عێراق بەردەوامە و پێشدەچێت دەست لە کارکێشانەوەی سەرەک وەزیری وڵاتەکە لەم کاتەدا کێشەکانی تری عێراق قوڵتر بکاتەوە.

ئێستا کە دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری حکومەتێکی کاربەڕێکەرە ناتوانێت بەرنوسی بودجەی ساڵی 2020 بنێرێت بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە تا پەسەند بکرێت.

هەر دواکەوتنێکی بودجە، کاریگەری نەرێنی دەبێت بەسەر ڕەوشی وڵاتەکە بە گشتی، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە.

هەرچۆنێک بێت لە سەرەتای مانگی دەی ڕابردووەوە ئەوە هەستەی پێشتر عێراقییەکان هەیانبووە بەرامبەر فەرمانڕەواکانی پاش ساڵی 2003، بە تەواوەتی تەقیەوە.


میوانی بەرنامە:
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

ئەگەر پێشتر داواکانی عێراقییەکان بۆ چاکسازییەک بووبێت، بەڵام لە مانگی دەی ئەمساڵەوە داواکان هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی و سیاسی وڵاتەکەیە، بەبێ ئەوەی ئەڵتەرناتیڤێکیش بۆ ئەو سیستەمە دیار بکرێت.

ئێستا پاش ئەوەی سەرەک وەزیر دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، پێویستە گەورەترین لایەنی ناو پەرلەمانی عێراق کەسێک کاندید بکات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و ئەو ناوە بداتە سەرۆکی کۆماری عێراق و لە ماوەی 15 ڕۆژێشدا سەرۆک کۆمار ناوی کاندیدی نوێ ڕابگەیەنێت، تا پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.

فراکسیۆنی سائیرون، گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانە و موقتەدا ئەلسەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدرییەکان ڕێبەرایەتی دەکات. لە ئێستادا موقتەدا بەپێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵ سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە، وەک دەگوترێت بۆ باسکردنی پۆستی سەرەک وەزیری عێراقە.

لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، خۆپیشنادەران داوای کۆتاییهێنانی ڕۆڵ و کاریگەری و دەستێوەردانەکانی ئێرانیان دەکرد لە کاروباری عێراقدا. لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا ئاڵا و وێنەی کەسایەتییەکانی ئێران و کونسوڵخانەکانی ئێرانیش سوتێنراون.

لە ئێستادا قسەکردن لەسەر عێراقێکی نوێ زۆرن، وەک مەرجەعیەتی شیعەکان دەڵێت عێراقی پێش مانگی دە، هەمان ئەو عێراقەی پاش مانگی دە نابێت، بەڵام باس لەوە نەکراوە لەو عێراقە نوێیەدا، پێوانە و ڕێوشوێنەکان چین و چۆن دەبن بۆ هەبوونی حکومەتێکی کارا.

بەشێک لە چاودێر لەو بڕوایەدان دەمێکە ئاماژەکانی گەیشتن بە بنبەست لە بارودۆخی سیاسی عێراقدا دەرکەوتوون و دەستەبژێری سیاسی وڵاتەکە وەک شتێکی بێ بایەخ سەیری ئەو ئاماژانەیان کردووە، لە کاتێکدا ژینگە سیاسییەکەی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ سیماکانی سازگاری لە دەست دەدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش مەینەتی و ئەندێشەکانی خەڵک زیاتر دەبن.

پێشتریش هەوڵ هەبوون بۆ چارەسەرکردنی هەر هیچ نەبێت بەشێک لە کێشەکانی عێراق، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون بەهۆی ئەوەی هاوڕایی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر نەبوون، هەر بۆیە دەکرێت بگوترێت عێراق وەک ئەو کەشتیەی لێهاتبوو کە ژمارەیەک ناخودای هەبووە و هەر یەکێکیش لەو ناخودایانە ویستویەتی بە ئاڕاستەیەکدا بڕوات و هەر یەکەشیان بەندەرێکی تایبەت بۆ خۆیی هەبووە بۆ لەنگەر گرتن.

ئایا عێراقییەکان دەتوانن نەخشە ڕێگایەکی نوێ بۆ ئایندەی خۆیان دابنێن؟

ئایا مەرجەعیەتی شیعەکان دەتوانێت ناو ماڵی شیعە ڕێکبخاتەوە؟

ئایا دەرچەیەکی یاسایی دەدۆزرێتەوە تا بتوانرێت بودجەی ساڵی 2020 بنێردرێت بۆ پەرلەمان؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:05 0:00


XS
SM
MD
LG