Accessibility links

داعش پارێزگای دیالەی هەراسانکردووە


داعش لە رێگەی ئەنجامدانی هێرشی بەردەوامەوە، ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دیالەی هەراسانکردووە، کەم شەو هەیە چەکدارانی سەربەو رێکخراوە هێرش بۆ سەر هێزە عێراقیەکان ئەنجام نەدەن.

هێرشە بەردەوامەکانی داعش لە پارێزگای دیالە، دوای گۆڕینی کەسی یەکەمی هێزەکانیان و زیادکردنی ژمارەی چەکدارەکانیان دێت، کە ژمارەیەکی زۆر چەکداریان لە سوریاوە گەیاندۆتە ئەو پارێزگایە.

عەقید جمهور رۆستەم جیگری لیوای سێی پێشمەرگە لە پارێزگای دیالە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بۆشاییەکی گەورە لە نێوان هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگەدا هەیە، هیچ هەماهەنگیەکی هەواڵگیری و سەربازی لە نێوانماندا نیە، داعش ئەمەی قۆستۆتەوە."

وتیشی"پلانی نوێی داعش هێرشکردنە سەر رەبیە سەربازیەکانە، کە بەپلان هێرش دەکەنە سەر رەبیەیەک، کاتێک هێز دەڕوات بەهانای ئەو رەبیەوە، لەرێگە بۆسەی بۆ دادەنێن."

دوا هێرشی چەکدارانی داعش شەوی رابردوو بوو، کە لەگوندی دەکەی سەربە قەزای خانەقین، هێرشیانکردە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە و دوای شەڕێکی قورس، شەڕەکە بە گیان لەدەستدانی سێ پێشمەرگە و برینداربوونی دوو پێشمەرگەی تر کۆتایی هات.

عەقید جمهوری فەرماندەی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەکرد چل خولەک پێش هێرشەکەی ئەمشەوی داعش، رێنماییان داوەتە هێزەکانی پێشمەرگە کە بەوریاییەوە چاودێری جوڵەی داعش بکەن، وتی"ئەوان چەکێکیان پێیە، دووربینی حەراری بەسەرەوەیە، بۆیە لەدوورەوە تەقە دەکەن و سەرباز و پێشمەرگە دەکەنە ئامانج."

چەند شەوێک لەمەوبەر، داعش لەسنوری کوڵەجۆ ژمارەیەک کارمەندی ئاسایشیان کردە ئامانج، هەروەک لە ناوچەی نەفتخانە و دەوروبەری خانەقینیش هێرشیانکردۆتە سەر هێزە عێراقیەکان و چواردە سەربازیان کوشتووە، ئەگەرچی حکومەتی عێراق نهێنی قوربانیەکانی رانەگەیاندووە، بەڵام هێرشەکەی داعش زۆر بەرفراوان بووە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای دیالە کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش گەنجێکی بەفەرماندەی هێزەکانی لەدیالە داناوە، بۆیە لەو پارێزگایە تەواو خۆیان رێکخستۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی هێزیان لە سوریاوە بۆ هاتووە و ژمارەیان زیادیکردووە"

وتیشی"فەرماندە تازەکەی دیالەی داعش ناوی عەبدوڵا مەکی ناسراو بە ئەبوخەدیجەیە، 28 ساڵ تەمەنیەتی و خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینە، لە 2012 تا 2014 لە زینداندا بووە و دواتر ئازادکراوە."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەبوخەدیجەی فەرماندەی دیالەی داعش لە سنوری گوندی خەڵاویەی نزیک ناحیەی قەرەتەپە دەمێنێتەوە، ئەمە جگە لەوەی داعش بە ئاشکرا هێزی لەناوچەی نەدای نزیک ناحیەی مەندەلی، شاخی غەرەی خورماتوو، چەندین ناوچەی تر هەیە.

محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتووی پارێزگای دیالە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"خۆپیشاندانەکانی عێراق هێزە ئەمنیەکانی سەرقاڵکردووە، داعشیش ئەمەی قۆستۆتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:13 0:00


XS
SM
MD
LG