Accessibility links

بەهۆی بۆمبێکی چێندراوی تالیبان، بەرپرسێکی لەشکری ئەفغانی دەکوژرێت


کاربەدەستان لە باشوری ئەفغانستان ڕادەگەیەنن سەرکردەیەکی باڵای لەشکری ڕۆژی شەممە لە تەقینەوەی بۆمبێکدا کوژراوەو بەلایەنی کەم 4 کەسی تریش بریندار بوون لەناویاندا ڕۆژنامەوانێکی خۆجێهیش.

هەر دەستبەجێ پاش ڕووداوەکە تالیبان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی هەرێمی هێڵماندی گرتە ئەستۆ.

گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ژەنەڕاڵ زاهر گول موقابل، سەرکردەی یەکەیەکی لەشکری سەر سنور بە تەنها لەگەڵ چەند ڕۆژنامەوانێک بەرەو ناوچەی مەرجا بەڕێ کەوت بۆ پێداچوونەوە بەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی دژە یاخیبوان کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی دای بەسەر بۆمبێلی لاڕێگادا.

محەمەد زەمان هەمدەرد گوتیشی ئەو ژەنەڕاڵە ڕێبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی لەشکری لەو ناوچەیە دەکرد. دەشڵێت سێ پاسەوان و ڕۆژنامەوانێکیش کە بۆ تەلەفیزیۆنی شەمشاد کاری دەکرد لە نێو بریندارەکاندان.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێن ڕۆژنامەوان سەردار محەمەد سەروەری برینەکەی سەختە.

تالیبان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لەو هێرشەدا دوو پاسەوانیش کوژراون، هەرچەندە زۆر جار یاخیبوەکان لە ئامارەکانیاندا زیادەڕۆیی دەکەن.

هەرێمی هیلماند گەورەترین هەرێمی ئەفغانستانەو یەکێکە لەو هەرێمانەی زۆرترین بەرهەمی حەشیشی هەیە.

ڕێکخراوی نێونەتەوەیی بۆ چاودێری میدیا دەڵێت ئەفغانستان یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتی جیهان بۆ ڕۆژنامەوان.

XS
SM
MD
LG