Accessibility links

مەسرور بارزانی: ئێمە دژی هەبوونی پەکەکەین لە شەنگال و شوێنەکانی تری عێراق


ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتەکە کۆبۆوە.

لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی وەزیری دەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو و سەرۆک وەزیری هەرێم مەسرور بارزانی، چاوشئۆغڵو داوای لە هاوپەیمانانی ناتۆ کرد کە پشتیوانی نیگەرانییە ئاسایشییەکانی ئانکەرە بکەن و هاوپەیمانانی تاوانبار کرد بەوەی پشتیوانی لە وڵاتانی باڵکان دەکەن بەڵام هەڕەشەکانی کوردەکانی سوریا بۆ سەر تورکیا ڕەت دەکەنەوە.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەنەدۆڵۆ ڕادەگەیەنێت چاوشئۆغڵو گوتویەتی "تورکیا حکومەتی نێوەندی عێراق و حکومەتی هەێمی کوردستانیشی لە مەڕ بۆچوونەکانی لەسەر هەبوونی گروپە تیرۆرستەکانی وەکو پەکەکە، یەپەگەو گروپیتیرۆرستی فەتحوڵا گولەن ئاگادارکردۆتەوە."

چاوشئۆغڵو دەڵێت " لە ئێستادا نزیکەی 350 هەزار کوردی سوریا لە تورکیان و 250 هەزاریش لە عێراقن. ئەمانە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سوریا بەهۆی ئەوەی پەکەکە و یەپەگە دەریان کردوون."

مەسرور بارزانیش لای خۆیەوە گوتی وڵاتەکەی دژی هەبوونی پەکەکەیە لە شەنگال و شوێنەکانی تری عێڕاق.

مەسرور بارزانی لە تویتێکدا بڵاوی کردۆتەوە " لە میانەی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ سەنگی خراوەتە سەر ئاسایش و بازرگانی دوولایەنە. ئێمە تاوتوێی بەرژەوەندییە دوولایەنەکان و ئاستەنگەکانمان کردووە، و باسمان لەو ڕێگایانە کردووە کە بتوانین پێکەوە کاربکەین بۆ سەقامگیرکردنی هەرێمەکە بە گشتی."

لە مانگی ڕابوردوو پاش بڕیاری سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا، تورکیا دەستیکرد بە لەشکرکێشی بۆ ناو باکوری سوریا پاش چەند ڕۆژی شەڕو پێکدادان یەپەگە لە ژێر ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا و تورکیا، لە ناوچەکانی سنوری تورکیا کشایەوە. هەرچەندە هەتا ئێستاش شەڕەکە بە تەواوەتی ڕانەوەستاوەو بە پێی نەتەوە یەکگرتووەکان سەدان کەسی سڤیل کوژراو و بریندار بوون و هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.

XS
SM
MD
LG