Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئەفشین ئیسماعیلی


میدیا لە کۆمەڵگەی کوردیدا هێشتا نەبۆتە خاوەن دیدێکی تایبەت بە خۆی کە بتوانێت تا ئەندازەیەک متمانەی وەرگر بە دەست بێنێت.

لێرەدا مەرج نییە ئەو دیدە تایبەتە دوور بێت لە ڕوانینە سیاسییەکان، وەلێ مەرجە سەرەکییەکە ئەوەیە کە لە پێناو بەرژەوەندی سیاسیدا نەکەوێتە تێکدانی ڕاستییەکان و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ چەواشە کردنی ڕای گشتی.

ئەگەر میدیا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە نمونە وەربگرین لە پاش ڕاپەڕینەوە، دەبینین لە ساڵانی سەرەتادا میدیا بەگشتی هەر بۆ لایەنە سیاسییەکان بوو و هەر ئەوانیش کۆنترۆڵیان کردبوو، دواتر هەوڵی ڕژد هاتنە ئاراوە بۆ هەبوونی میدیایەکی سەربەخۆ (ئەهلی)، ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو بوون و توانرا بەردی بناغەی ئەم میدیا سەربەخۆ و بێلایەنە دابنرێت و "ڕۆژنامەی هاوڵاتی" ببێتە پێشەنگی ئەو کاروانە. بەڵام لەبەر هۆکاری جیاواز، ئەم میدیایەش نەیتوانی وەک پێویست درێژە بە تەمەنی خۆی بدات. لە بەرامبەریشدا میدیای حزبی وەک بڵێی هەنگی لە داردا دۆزیبێتەوە و دەستی کرد بە دروستکردنی میدیاکانی سەر بە تاکەکانی ناو حزب و ئەوجاش دروستکردنی میدیا سێبەرەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا کە دەزگا و نێوەندە میدیاییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆرن، بەڵام جیاوازی نێوانیان تەنها بازنە و جۆری بەرژەوەندیە سیاسییەکانە و ئەو پەیامانەش کە میدیا هەیەتی زیاتر نیشاندەری ڕوانینی خاوەنەکانیەتی، نەک ئەوەی بگوترێت ڕوانینێکی بابەتیانە کە ڕای گشتی سەرچاوەکەیەتی.

هەر بۆیەشە لە ئێستادا زۆر جار دەگوترێت میدیا لە کۆمەڵگەی کوردیدا زیاتر لە خزمەتی سیاسەتدایە نەک لە خزمەتی خەڵکدا.


میوانی بەرنامە:

ئەفشین ئیسماعیلی، ڕۆژنامەوان و وێنەگر، خاوەنی خەڵاتی ساڵی 2019 ی ئۆسیزتکی لە نەرویژ.

وێنە، بە یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی ڕۆژنامەوانی دادەنرێت و بە یەکێکیش لەو ئامڕازە سەرەکییانە دادەنرێت کە بەشدارییەکی ڕاستەقینەی هەیە لە دروستکردنی ڕای گشتیدا، چونکە وێنەکان دەبنە پشتیوانە گەورە و گرانەکەی ڕاستیی ڕووداو و بەسەرهاتەکان. وێنەکان مێژوومان بە ڕاستی بۆ دەگێڕنەوە و لە هەندێک باریشدا وەک دەگوترێت وێنەیەک جێی هەزار وشە دەگرێتەوە.

لەسەر وێنە لە ڕۆژنامەوانیدا، ئێستا ڕایەک هەیە و پێیوایە بەهۆی بەرەوپێشچونی تەکنەلۆژیاوە، وێنەگرتن گەلێک هەنگاوی گەورەی ناوە و ڕێگایەکی دوور و درێژیشی بڕیوە، هەر بۆیە دەکرێت و دەشێت وەک بەشێکی تایبەت لە ڕۆژنامەوانی سەیر بکرێت.

هەر لەبەر گرنگی وێنە لە ڕۆژنامەوانیدا، سەدان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە ئامادەکراون لەسەر مێژووی وێنەی فۆتۆگراف، پەیوەندی وێنە بە تێکستەوە، جۆری وێنەی بەکارهێنراو لە میدیادا، ئەرکەکانی وێنە لە ڕۆژنامەوانیدا و دەیان بابەتی تریش.

ئەفشین ئیسماعیلی، یەکێکە لە ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەرەکان کە لەم مانگی یازدەیەدا، بەهۆی بابەتیبوونی لە کاری ڕۆژنامەوانی و هەروەهاش کاریگەریی ئەو وێنە فۆتۆگرافیانەی گرتوونی، لە وڵاتی نەرویژ خەڵاتی ساڵی 2019 ی ئۆسیزتکی پێدەبەخشرێت. ئەم خەڵاتەش بریتیە لە خەڵاتێکی ساڵانەی ئازادی ڕا دەربڕین لە وڵاتی نەرویژ. هەموو ساڵێک کۆمەڵەی "پێن" لەو وڵاتە ئەم خەڵاتە کە بە یەکێک لە خەڵاتە گرنگەکان دادەنرێت دەبەخشێتە کەسێک و ئەمساڵیش خەڵاتی ئۆسیزتکی بەخشرایە ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەر ئەفشین ئیسماعیلی.

ئەفشین، بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە لەڕێی نوسین و ڕاپۆرت و وێنەکانیەوە لەگەڵ میدیای نەرویژدا، گرنگی کارەکانی ئەفشین وەهایان کردووە ئەو خەڵاتەی پێببەخشرێت.

خەڵاتی ئۆسیزتکی بۆ ئازادی ڕا دەربڕین، بەو ڕۆژنامەوانانە دەبەخشرێت کە زانیاری نوێ دەدەنە ڕای گشتی نەرویژ، واتە ئەو جۆرە زانیاریانەی پێشتر نەرویژیەکان لێی ئاگادار نەبوون.

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە کە خەڵکی شاری مەهابادە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چدەند ساڵی ڕابردوودا لە مەیدانی شەڕە ئاڵۆزەکانی ناو عێراق و لە شەڕی ناوخۆی سوریاوە ڕاپۆرتی بۆ گۆڤار و ڕۆژنامەکانی وڵاتی نەرویژ ئامادەکردووە. لای نەرویژیەکانیش کارەکانی ئەفشین جێی ستایش بوون، بە تایبەتیش لەو ڕوانگەیەوەی زانیاری ڕاست و دروستی پێبەخشیون سەبارەت بە ڕەوشی ئاڵۆزییەکان و ژیان و گوزەرانیش لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا.

ئایا میدیای کوردی توانیویەتی ببێتە خاوەنی زمانێکی تایبەت بە خۆی؟

ئایا میدیا توانیویەتی متمانە لە نێوان خۆیی و وەرگردا بێنێتە ئاراوە؟

ئایا وێنە فۆتۆگرافیەکانی ڕۆژنامەوانان توانیویانە ببنە بەشێک لە هونەرەکانی نوسینی ڕۆژنامەوانی؟

ئەفشین ئیسماعیلی، ڕۆژنامەوان و وێنەگر، خاوەنی خەڵاتی ساڵی 2019 ی ئۆسیزتکی لە نەرویژ، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:36 0:00

XS
SM
MD
LG