Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران و ترس و دڵەڕاوکێی ڕژێم


خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین، ژمارەیەک لە شار و شارۆچکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتۆتەوە.

ئەگەرچی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە لە سەرەتادا بەهۆی ڕەوشی دارایی و ئابوری و گرانییەوە بوو، بەڵام هەر زوو دروشمەکانی خۆپیشاندەران گۆڕان بۆ دژایەتی کردنی ڕژێمی ئێران و تەواوی ئەو سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکیانەی هەیەتی.

پێشتریش خۆپیشاندان لە ئێراندا هەبووە و گەلانی ئێران هەمیشە ناڕەزاییان هەبووە بەرامبەر دەسەڵاتداران، بەڵام ئەمجارەیان خۆپیشاندانەکان بەرفراوانترن و پێشدەچێت ڕژێمی ئێرانیش بزانێت کە هەروا بە ئاسانی توڕەیی و ناڕەزایی خەڵک ناڕەوێنەوە، لەو ڕوانگەیەوەی هێزێکی زۆری بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران ناردۆتە ئەو شار و شارۆچکانەی خۆپیشاندانیان تیادایە.

سەرچاوەکان لەناو ئێرانەوە باس لەوە دەکەن، دەیان کوژراو و بریندار هەن لەوەتای ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە دەستیپێکردوە و سەدان کەسیش دەستگیرکراون. هەروەها هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانیش گەمارۆی ژمارەیەک شار و شارۆچکەیان داوە.

بێ لە بەکارهێنانی هێز، دەسەڵاتدارانی ئێران ناو بە ناو تۆڕەکانی ئینتەرنێتیش دەبڕن یان هێندە لاوازی دەکەن کە بڵێیت پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان و گواستنەوەی هەواڵەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ئەستەم بێت. پەرەسەندنی ئەم شەپۆلی بەرەنگاربوونەوەیەی ڕژێمی ئێران لە ڕێی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە بوو.

هەتا ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیەش، فەرمانڕەوایانی ئێران هیچ وەڵامێکیان بۆ خۆپیشاندەران نەبووە و تەنها ئەوەندە نەبێت خۆپیشاندەران ناودێر دەکەن بە ئاژاوەگێڕ و تاوانبار بەرامبەر ئاسایشی ئێران.

دەسەڵاتدارانی ئێران بەگژ میدیاکانیشدا دەچنەوە و دەڵێن ڕەوشەکە ئاساییە و میدیاکان گەورەیان کردووە، لە کاتێکدا دیمەنە ڤیدیۆییەکانی خۆپیشاندان نیشانی دەدەن، چۆن هێزە ئاسایشییەکان سێرە لە خەڵک دەگرن.

وەک بارێکی ئاسایی، هەر جموجۆڵێکی ناوخۆی ئێران کە بەرژەوەندی و ئایندەی ڕژێمی وڵاتەکە بخاتە مەترسییەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستبەجێ دەڵێن دەستی دەرەکی لە پشتە.

خوێندنەوەکان زۆرن بۆ ئەم بەرەنگاربوونەوەیەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران. کەم نین ئەوانەی لەوبڕوایەدان ئەگەر بێتوو ئەم ڕەوشە درێژە بکێشێت ئەوا ململانێی نێوان کۆنەپارێزان و ڕیفۆرمخوازەکان قورستر دەبێت و کەلێنی نێوانیشیان گەورەتر دەبێت.

هەندێک شیکەرەوەش لە ناو و لە دەرەوەی ئێران دەڵێن، لە کاتێکدا کۆنەپارێزان و ڕیفۆرمخوازان خاوەنی یەک دیدن بۆ درێژەپێدانی تەمەنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، کەواتە هەردوولایان وەک یەک بەشدارییان دەبێت لە سەرکوتکردنی خەڵکی ئێراندا.


میوانی بەرنامە:

سۆران پاڵانی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

بەشێکی تری چاودێری سیاسی کاروباری ئێران، لەوبڕوایەدان خەڵک خۆیان بوونەتە ڕێبەر و دەنگی ناڕەزاییە ڕاستەقینەکەی شەقامی ئێران، نەک لایەنە ئۆپزسیۆنەکان، وە دەشڵێن بە دووری نازانن ئەوەی کە ڕوودەدات بەشێکی دانەبڕوابێت لەو بەهاری عەرەبییەی نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە لە لوبنانەوە سەرهەڵدەدات و دواتریش دەگاتە عێراق و ئێستاش لە ئێراندا.

زۆرێک لە لێکۆڵەریش هاوڕان لەسەر ئەوەی لە ئێران، هیچ ڕژێمێکی فەرمانڕەوا بە دەستاودەست کردنێکی ئاشتیانەی دەسەڵاتەوە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، یان بە کودەتا بووە، یان بە خوێنڕژان بووە، هەربۆیە نیگەرانییان هەیە لەوەی کاتێک ئەم ڕژێمەی ئێستای ئێران هەستێکی زیاتری لا دروست بێت بەرامبەر ئەو مەترسییانەی دەکەونە سەر تەمەنی ڕژێم، ئەوا هێزی لە ڕادەبەدەر بەکاربێنێت بۆ بێدەنگ کردنی گەلانی ئێران.

نکوڵی ناکرێت لەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەم ڕەوشەی ئێراندا دڵەڕاوکێ گرتوونی بەتایبەتیش پاش ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران و عێراقیان دەدایە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک دەگوترێت هەوڵێکی پێشوەختەی دەسەڵاتدارانی ئێران بووە تا خۆپیشاندانەکان نەگاتە وڵاتەکەیان. هاوکات لێکچوونێکی زۆر هەیە لە خۆپیشاندانەکانی هەرسێ وڵاتدا و بەتایبەتیش لە گۆڕینی دروشمەکاندا لە داواکردنی ئاستێکی باش بۆ ژیان و گوزەران، تا دەگاتە داواکاری بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەکان.

دەشێت یەکێک لە جیاوازییە گەورەکانیش لە دروشمەکانی خۆپیشاندەرانی لوبنان و عێراق و ئێراندا، دروشمی خۆپیشاندەرانی ئێرانی بێت بۆ ڕاگرتنی تاران لە دەستێوەردانی دەرەکی. پێشتریش خۆپیشاندەرانی ئێرانی داوایان دەکرد ڕژێمی ئێران لەبری ئەو هەموو داراییەی دابینی دەکات بۆ دەستێوەردان لە سوریا و عێراق و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و بەحرەین و شوێنی تردا، پێویستە بۆ باشکردنی بژێوی هاوڵاتیانی ئێرانی بەکاربهێنرێت، نەک بۆ سیاسەتێکی دەرەوەیی کە مەینەتی بەسەر گەلانی ئێراندا هێناوە.

خۆپیشاندەرانی عێراقی و بەشێکیش لە لوبنانییەکان داوای کۆتاییهێنانی هەژموونی ئێرانیان کردووە لە وڵاتەکانیاندا.

سەرۆکی ئێران ڕۆژی چوارشەممە سەرکەوتنی ڕایگەیاند وەک دەڵێت "بەسەر دوژمناندا" کە پیلانیان دەگێڕا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. حەسەن ڕۆحانی دەڵێت ئاژاوەگێڕان و تێکدەران کە ئەمریکا و ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە پشتیوانییان دەکات.

*بۆچی لە ئێستادا گەلانی ئێران، تەوژمێکی نوێ و بەهێزتر

دەدەنەوە بە خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی دەربڕین ؟

*ئایا ئۆپزسیۆنی ئێرانی، بە ئۆپزسیۆنی کوردیشەوە هیچ بەرنامەیەکیان هەبووە یان هەیە بۆ ئەگەرەکانی پاش ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی ئێرانی گرتۆتەوە؟

*ئایا ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە دەبێتە خۆپیشاندانی سیاسی لە سەرتاسەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا؟

(سۆران پاڵانی) نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:34 0:00

XS
SM
MD
LG