Accessibility links

وڵاتی میانمار بە تاوانی جینۆسایدی ڕۆهینگاکان دادگایی دەکرێت


لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوودا زنجیرەیەک دۆسێی یاسایی کە لە دادگاکانی سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراون فشارەکانیان بۆ سەر میانمار زیاد کردووە تا وەڵامی گوایە دڕندایەتی دژ بە موسوڵمانە ڕۆهینگاکان لە دوو ساڵی ڕابوردوو بداتەوە.

ئۆفیسی ڕێبەری میانمار ئاون سان سوچی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەو دەچێت بۆ لاهای بۆ دانیشتن لەسەر دۆسێیەک کە وڵاتەکەی بە ئەنجامدانی جینۆساید تیادا تۆمەتبار کراوە. چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەران لە چەندین ڕیگەی تریشیان گرتۆتە بەر.

لە مانگی 8 ی ساڵی 2017 سەدان هەزار ڕۆهینگا بەهۆی هێرشە لەشکرییەکانی میانمارەوە هەڵاتن بۆ بەنگلادێشی دراوسێ. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هەڵمەتەی بە پاکتاوکردنی نژادی لە قەڵەم دا.

لەو هەڵمەتەدا گوایە لەشکر، پۆلیس و گوندنشینە بودیستەکان سەدان گوندی دووردەستی ڕۆژئاوای هەرێمی ڕاخاینیان وێران کردووە و دانیشتوانەکەیان ئەشکەنجەداوە و کوشتنی بە کۆمەڵ و دەستدرێژی کردنی سێکسی بە کۆمەڵیان ئەنجام داوە.

میانمار نکوڵی لەو تۆمەتانە دەکات و دەڵێت هێزەکانی ئاسایش ئۆپەراسیۆنێکی ڕەوایان دژ بەو ملیتانانە ئەنجام داوە کە هێرشیان کردۆتەوە سەر بنکەکانی پۆلیس.

لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر لە کەمپەکانی بەنگلادێشدا دەژین و ناوێرن بگەڕێنەوە بۆ ڕاخاین. زۆربەیان دەڵین دەیانەوێت کاربەدەستە باڵاکانی لەشکر و ڕێبەرە سڤیلییەکان سزا بدرێن بەهۆی ئەو دڕندایەتییانەی کە کراون بەر لەوەی بیر لە گەڕانەوەیان بکەن.

لە سەرەتای ئەم مانگە وڵاتێکی بچووکی زۆرینە موسوڵمانی ئافریکا گامبیا دۆسێیەکی لە بری 57 وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە دادگایی نێونەتەوەیی بنکە لە لەلاهای هۆڵەندا دژ بە میانمار تۆمار کرد و وڵاتەکە بە ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار دەکات.

XS
SM
MD
LG