Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: بەرهەم حەسەن


هەمیشە ئەو هونەرمەندە گۆرانیبێژانە بە زیندوویی لای خەڵک دەمێننەوە کە هەنگاوێکی تر زێد دەکەنە سەر ئەم هونەرە باڵایە و گۆرانییەکانیان دەبنە پەیڤێک بۆ خۆشەویستی و جوانی و جۆرێک لە جۆرەکانی لاواندنەوە بۆ ئەندێشە و خەمە گەورەکانی مرۆڤ.

لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەمیشە هونەرمەندانی گۆرانیبێژ پێگەیەکی تایبەت بە خۆیان هەبووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە بێبەش بووبن لە توانج و تانە لێدانیش، بە تایبەتیش لەلایەن ئەو کۆنەپارێزە توندڕەوانەی بەردەوام خۆیان بە دەمڕاستی کۆمەڵگە دادەنێن.

نکوڵی ناکرێت لەوەی هونەرمەندە موزیسیان و گۆرانیبێژە ڕژدەکان تا ئەندازەیەک دوور کەوتوونەتەوە و ناخوازن بەرهەمەکانیان وەک دەڵێن "لەم بێ سەروبەریەی گۆرانی و موزیکی تێکەوتووە بڵاوبکەنەوە."

ئەڵبەتە ناکرێت ئەم جۆرە دوورکەوتنەوەیە وەک بەشێک لە ململانێی نەوەکان لێی بڕوانرێت، بەڵکو وەک دەڵێن ڕێگە نەدانە بەوەی هونەرێکی ڕاستەقینە تێکەڵ بکرێت بەو شتانەی بەناوی هونەرەوە دەکرێن.

دەکرێت تا سنورێکی دیاریکراو ئەم دیاردەیە پەسەند بکرێت، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت خۆ دوورخستنەوەی هونەرمەندە ڕژدەکانمان بۆشاییەک دروست دەکات کە ئەستەمە بتوانرێت پڕ بکرێنەوە و دەرفەتێکیش دەبێت بۆ برەودان بەوانەی ئەگەر کارەساتێکیان لە هونەری کوردیدا دروست نەکردبێت ئەوا بێگومان هیچ خزمەتێکیان نەکردووە.

یەکێک لە گرفتەکانی ئێستای گۆرانی کوردی، لاساییکردنەوەیە، دووبارەکردنەوەی گۆرانی فارسی و عەرەبی و تورکییە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەم جۆرە کارانە چەندێک کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر ڕەوشی ئێستای گۆرانی.

بەرهەم حەسەن، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەمێکە لەم هونەرەدا قاڵ بۆتەوە، بە دەنگێکی نەرم و ئاوازی ڕەسەنەوە خۆی بە گوێگرانی ناساند، وە توانی لە ماویەکی دیاریکراودا هەوادارانێکی زۆر لەگەڵ سۆز و چریکەی گۆرانییەکانیدا کۆ ببنەوە.

بەرهەم، یەکێک بوو لەو گۆرانیبێژانەی نەیدەویست هەموو گۆرانییەک بڵێت، یان بە هەموو جۆرە ئاوازێکیش ڕازی بێت، بەڵکو بە وردی لە تێکستە شیعرییەکان ڕادەما و بە قوڵییش گوێی بۆ ئاوازەکان ڕادەدێڕا، تا بزانێت ئایا لەگەڵ تۆنی دەنگیدا دەگونجێت یان نا، تا دڵنیابێت لەوەی ئەو تێکستە شیعریانەی دەیانکاتە گۆرانی، تێکستێکن گوێگران چێژی لێدەبینن. بێگومان ئەمەش پێمان دەڵێت چڕینی گۆرانی بەرپرسیارێتییە و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییشە بەرامبەر بەم هونەرە دێرینەمان.

بۆ زۆرێک لە هونەرمەندانی ڕەسەن، یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکان نەبوونی ددەزگایەکی نیشتمانیانەیە بۆ هونەر، کە بتوانێت بایەخ و گرنگییەکی ڕژد بدات بە هونەرمەندان و بتوانێت هونەری ڕاستەقینە لە هونەری گاڵتەقینە جیابکاتەوە، تا بتوانێت یارمەتی ئەو هونەرمەندانە بدات کە گۆرانی و موزیک بۆتە خەمی ژیانیان، تەنانەت ئەگەر یارمەتی لۆژیکیش بێت، بتوانێت کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبێت لەسەر میدیاکان، بەتایبەتی کاتێک دێتە سەر بڵاوبوونەوەی بەرهەمێک و زەمینەش بڕەخسێنێت بۆ هەبوونی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی زانستیانە لەسە گۆرانی و موزیکی کوردی.

ئایا لە هونەری گۆرانی و موزیکی کوردیدا سەروەختێک هەیە پێی بگوترێت سەروەختی زێڕین؟

ئایا بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە هونەری گۆرانیدا، زیانی لە دەنگی ڕەسەن داوە؟

ئایا هونەرمەند (بەرهەم حەسەن) چ جۆرە ڕوانینێکی هەیە لەسەر نەوەی نوێی گۆرانیبێژان؟

هونەرمەند بەرهەم حەسەن، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:38 0:00


XS
SM
MD
LG