Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: حەمید شەریفی


حەمید شەریفی
حەمید شەریفی

هەرگیز نکوڵی ناکرێت لەوەی تەواوی ئەو وتووێژانەی سەبارەت بە کرۆک و جەوهەری ڕاستەقینەی هونەر دەکرێن، جا لە هەر سەردەم و سەروەختێکدا بن، گرنگییەکی تایبەتی خۆیان هەیە.

ئەڵبەت ئەو کاتە گرنگییەکە پڕ بەهاتر دەبێت کە ئەو وتووێژانە بنەما و ڕەهەندی هزرییان هەبێت، لەو ڕوانگەیەوەی کاریگەرییان دەبێت بەسەر ڕەوشی هونەرەوە.

وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرەکانی بواری هونەری موزیک ئاماژەیان پێکردووە ئەو نوسین و کتێبانەی هەن لەسەر موزیک و گۆرانی، یەکێکە لەو فاکتەرانەی بوونەتە مایەی بەرەوپێشچوونی گۆرانی و موزیک لە ڕۆژئاوا.

بەڵام ئایا لەناو هونەری موزیک و گۆرانی کوردیدا لیکۆڵینەوەکان و وتووێژەکان توانیویانە هەمان ڕۆڵ بگێڕن؟ زۆرێک لە هونەرمەندان کۆکن لەسەر ئەوەی بە گشتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنها وەک چێژ لە گۆرانی و موزیک دەڕوانرێت، لە هەندێک باریشدا موزیک و گۆرانی براوەتە خانەی ناسیۆنالیستیەوە، هەر بۆیە دەڵێن جێی سەرسوڕمان نییە ئەگەر لەگەڵ هەر گۆڕانکاری و بەرەوپێشچونێکی گۆرانی و موزیکدا وتووێژێکی بابەتیانە نەیەتە ئاراوە.

توانا حەمە
توانا حەمە

توانا حەمە، ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیست، لە وتارێکیدا بە ناونیشانی {مەرگی موزیکی کوردی لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا.. (گۆرانیبێژ و سناپ چات) بە نموونە} نوسیویە "ڕەخنە و گفتوگۆ دەربارەی هونەر و موزیک نەبۆتە کلتور و نەریتێک، کە لە راستیدا ئەم جۆرە گفتوگۆیانە بە بەردی بناغەی گۆڕانکاری ڕیشەی و بەرەو پێشچونی هونەر لە کۆمەڵگادا دادەنرێت. سەرئەنجام ئەوەی لە ئێستادا لە کوردستاندا دەگوزەرێ ئەوەیە، بوونی جۆرێک (هونەرێکی سادە و خاڵی لە هزر و هونەری باڵا)، بەجێماو لە گشت ئەو پێشکەوتنانەی، کە لە ڕۆژگاری ئەمرۆی هونەردا لە جیهاندا دەگوزەرێ و هونەری ئەمڕۆژی موزیک پێی گەشتووە."

کەم نین ئەو هونەرمەندانەی دەخوازن جیاواز بن لە هونەرمەندانی پێش خۆیان و تەنانەت لە هونەرمەندانی سەروەختی خۆیشیان و دەیانەوێت جیاوازبن لەو بارە باوانەی کە هونەری گۆرانی و موزیکی تیادا بووە. ئەم جۆرە هەوڵانە درێژەیان هەیە و بە درێژایی مێژووەکەی خۆی وەک هەوڵێک بۆ نوێگەرایی تەماشا کراوە، بەڵام ئەگەر و نەگەری ئەوەی ئایا دەچێتە خانەی هونەرێکی باڵاوە یان دەچێتە خانەی داهێنانەوە ئەمەیان بە پلەی یەکەم لای ئەو گوێگر و لای ئەو ڕەخنەگرەی موزیک و گۆرانییە کە بابەتیانە گوێ لە بەرهەمە هونەرییەکان دەگرێت، نەک هەر تەنها بۆ چێژێکی کاتی گوێبیستی گۆرانی و موزیک بێت.

هونەرمەند حەمید شەریفی، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی هەمیشە جیاواز دەرکەوتووە و ناشیەوێت هەر تەنها جیاوازبێت بەڵكو دەخوازێت بەردەوام لە گەشتێکدا بێت و بگەڕێت بەشوێن دووانەی نوێخوازی و داهێناندا.
لای حەمید شەریفی، تواناییەکانی هونەرمەند نابێت تەنها لە یەک داهێناندا سنورداربێت، بەڵکو وەها لێی دەڕوانێت کە دەبێت داهێنان درێژەی هەبێت، لەو ڕوانگەیەوەی کە خۆی هەمیشە کار لەسەر تابو شکاندن دەکات و هەروەهاش خۆ دوورگرتن لە دووبارەبوونەوە.

ئەم هونەرمەندەمان لەگەڵ گرنگیدانیدا بە موزیک و گۆرانی، دەنوسێت و هەر خۆیشی میلۆدی بۆ ئاوەز و گۆرانییەکانی دادەنێت و چڕینی گۆرانییەکانیش هەر خۆیەتی.

ئایا تابو شکاندن دەبێتە مەرجێک بۆ داهێنان لە هونەری موزیک و گۆرانی کوردیدا؟
بۆچی تا ئێستا ڕەخنە و وتووێژکردن دەربارەی هونەر و موزیک نەبۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە موزیک و گۆرانی کوردی؟

ئایا هونەرمەند (حەمید شەریفی) دەخوازێت گۆرانی کوردی بەرەو کوێ بەرێت؟

هونەرمەند حەمید شەریفی، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:46 0:00

XS
SM
MD
LG