Accessibility links

دکتۆر یوسف موحەمەد: ئەگەری هەرە خراپ لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، بردنی وڵاتەکەیە بەرەو شەڕی ناوخۆ


لەگەڵ هەموو هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی شەقامی عێراقی بەڵام خۆپیشاندانەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەردەوامن و توندتریشن.

خۆپیشاندەران ڕۆژانە لە مەیدانی تەحریری بەغدان و لە شار و شارۆچکەکانی تری عێراقیشدا دەنگی پشتیوانی بۆیان هەروادێ و زیاتر دەبێت.

ئەم گەڕی شەپۆلی ناڕەزاییە لە عێراقدا لە سەرەتای مانگی دەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد، ماوەی چەند هەفتەیەک ڕاگیرا، وەک دەگوترێت بەهۆی عاشورای شیعەکانەوە. دواتر کە خۆپیشاندان دەستی پێکردەوە، توندوتیژی تێکەوت و خوێن ڕژا.

دکتۆر یوسف موحەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی وڵاتەکەی گرتۆتەوە، هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ دوو بابەتی سەرەکی؛ یەکەمیان گەندەڵییە کە بۆتە هۆی بە هەدەردانی داهاتی عێراق، وەک دەڵێت " لەبری ئەوەی بۆ قازانجی خەڵک و بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری بەکاربێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە و هەندێک لە کاربەدەستانی کوردیشەوە چ لە بەغدا و چ لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەم داهاتانە بە فیڕۆ دەدرێن."

هۆکارەکەی تریش وەک دکتۆر یوسف باسی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فێڵ و تەڵەکە بەردەوامانەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەکرێن و بە تایبەتیش ئەوەی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراون و کۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی خستە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.

جارێکی تریش وتاری مەرجەعیەتی شیعەکانی عێراق تەرخانکرابوو بۆ باسکردنی ڕەوشی وڵاتەکە.

عەبدولمەهدی کەربەلایی، نوێنەری ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە وتاری ڕۆژی هەینیدا جەختی کردەوە لەوەی لایەنی ناوخۆیی عێراقی و هەروەهاش لایەەنی دەرەکی هەن دەخوازن ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و دەشیانەوێت ڕێڕەو و ئامانجەکانی خۆپیشاندانەکانیش وەربچەرخێنن.

دکتۆر یوسف موحەمەد، دەڵێت کارنامەی هەرێمی و نێونەتەوەیی لە عێراقدا هەمیشە ئامادەیی هەبووە و هەندێک کارنامەی ناوخۆییش بەردەوام ئامادەییان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوخۆیی و تەنانەت هەرێمایەتیەکانیش.

هەر لەم وتارەی نوێژی هەینیدا، مەرجەعیەتی شیعەکان داوای لێپێچینەوە دەکات لەوانەی تەقەیان کردووە و هەروەهاش ئەم سەروەختەی عێراق بە دەرفەتێکی گەورەی دەگمەن ناودێر دەکات بۆ جێبەجێکردنی داواکانی خۆپیشاندەران لە وادەیەکی دیاریکراودا لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر دانانی نەخشە ڕێگایەک بۆ هێنانە ئارای دادوەریی کۆمەڵایەتی.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر یوسف دەڵێت، پێویستە کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی لە عێراقدا براونەتە دەرێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، وەک دەڵێت ئەمەش پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای گەڕاندنەوەی ئەو پارانە هەیە تا ئەژمارە بانکیەکانی کاربەدەستانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بانکە بیانییەکاندا ئاشکرا بکرێن، وە دەشڵێت لە پەرلەماندا دەستکراوە بە کارکردن لەسەر ئەم هەوڵە و ژمارەیەک هەوڵی تریش.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:18:03 0:00


XS
SM
MD
LG