سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند دەستوپێوەنی ڕێبەری کوژراوی داعش ئەبور بەکر ئەلبەغدادی هەوڵ دەدەن لە سوریاوە بڕۆنە ناو تورکیاوە.
ئەردۆغان ڕایشیگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی کە پەیوەندی خێزانیان لەگەڵ بەغدادی هەبووە و لەلایەن تورکیاوە دەستگیر کراون " خەریکە ژمارەیان لە دە کەس زیاد دەکات."
لێدوانەکانی سەرۆکی تورکیا دووهەم هەوڵێتی بۆ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات ئەو کەسانە دەستگیر بکات کە نزیک بوون لە بەغدادییەوە. تورکیا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە لەسەر هێرشەکانی ئەم دواییانەی بۆ سەر کوردەکانی سوریا کە شارەزایان پێیان وایە بۆتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش.
ئەردۆغان بە پەیامنێرانی گوت " هەمو دەستەوپێوەندەکانی ئەلبەغدادی زیاتر وڵاتەکەمان دەکەنە ئامانج و ئەم کەسانە هەوڵ دەدەن لە وڵاتەکەمان جیشتەجێ بن یان بێنە ناو وڵاتەکەمانەوە."
ئەردۆغان و کاربەدەستانی تورکای ڕۆژی چوارشەممە ئەوەیان ئاشکرا کرد کە پۆلیسی تورکیا یەکێک لە ژنەکانی ئەلبەغدادی و کچێکیان لە ساڵی ڕابوردوو دەستگیر کردووە.
کاربەدەستێکی تورک بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشییەیتدی ڕاگەیاند ئەوان لە میانەی هەڵمەتێکدا بۆ دەستگیرکردنی گروپێکی 11 کەسی گومانباری داعش لە 2 ی مانگی 6 ی 2018 لە باشوری تورکیا دەستگیر کراون. پۆلیس ژنەکەی بە ئاسما فەوزی محەمەد ئەلکوبەیسی ناساندووە. کاربەدەستان دەڵێن ئەو هاوسەری یەکەمی ئەلبەغدادی بوو کە دەگوترێت 4 هاوسەری هەبووە. کاربەدەستان دەشڵێن ئەو گومانبارەی کە خۆی بە لەیلا جابر ناساندووە لە پشکنینی DNA پشتڕاستکراوەتەوە کە کچی ئەلبەغدادییە.