Accessibility links

ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنکەی فۆردۆ دەستپێدەکاتەوە


ئاژانسی ناوکی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند پیتاندنی یۆرانیۆمی لە بنکەی ناوکی فۆردۆی ژێرزەمینی وڵاتەکە دەستپێدەکاتەوە، ئەو شوێنەی کە بە پێی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا، دەبوو هیچ چالاکی پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا ئەنجام نەدرێت.

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نیوەشەودا دەستیپێکردۆتەوە و بە چاودێری کاربەدەستێکی ئاژانسی چاودێری ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دراوە.

ئێران دەڵێت دەیەوێت لەو بنکەیەدا ئاستی پیتاندن هەتا 4.5 ئەنجام بدات. ئەمەش بە ئاستەم زیاترە لەو ئاستەی کە بەپێی ڕێککەوتنە ناوکییەکە بۆی دانرابوو، بەڵام شکاندنی بەربەستەکان بەشێک بوو لە هەنگاوێکی پێشووتری ئێران بۆ کشانەوە لەو ڕێککەوتنە لە کاتێکدا داوای لە لایەنەکانی تری ڕێککەوتنەکە دەکرد کە هاوکاری بکەن لە خۆلادان لە سزاکانی ئەمەریکا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی.

ڕێککەوتنە ناوکییەکە بە مەبەستی چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوا بوو لەسەر ئەوەی ڕەنگە ئێران کار لەسەر دروستکردنی چەکی ناوکی بکات، هەرچەندە ئێران نکوڵی لێ دەکرد و دەیگوت بەرنامە ناوکییەکەی تەنها بە مەبەستی ئاشتیانەیە و بۆ وزەی کارەباو دەرمانە. پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستی 4.5 زۆر لە ژێر ئەو ئاستەیە کە پێویستە بۆ بۆمبێکی ناوکی.

دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی ڕۆژی پێنجشەممە لە ڤیەننا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران.

ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند بەر لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ لە ساڵی ڕابوردوو بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنەکە، ئێران بە تەواوەتی پابەند بوو بە ڕێککەوتنەکەوە. ترامپ گوتی ڕێککەوتنەکە ئەوەندە باش نییە کە بتوانێت ڕێگە بگرێت لە ئێران تا چەکی ناوکی بەدەستنەهێنێت و بەرژەوەندییەکی زۆری بۆ ئەو وڵاتە تێدا بوو. لەو کاتەوە ئەمەریکا چەندین خولی سزای نوێی خستۆتە سەر ئێران.

لە هەفتەی ڕابوردوو وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواود زەریف کردارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپی بە " تیرۆری ئابوری و هەڕەشەکردن" وەسف کرد.

XS
SM
MD
LG