Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا: تورکیا هیچ پێشێلکارییەکی بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لە سوریا نەکردووە


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغلۆ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند تورکیا هیچ پێشێلکارییەکی بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ لەباکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام نەدراوە. بەڵام ڕێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ ناسراو بە لێخۆشبوونی جیهانی ڕاپۆرتێکی گرنگی لەهەفتەی ڕابوردوو بڵاوکردەوە سەبارەت بە پێشێلکاری و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی سیڤیڵ لەلایەن هێزەکانی تورکیا و هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا. ئەمەش جگە لەوەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کەناڵە جیهانییەکان بە ڤیدۆ و بە وێنە زۆرێک لەو پێشێلکاریانەیان بڵاوکردتەوە.

ئەنکەرە لەم مانگەدا هێزەکانی ناردبوو بۆ سەر ناوچەکانی سەر سنوور لەپێناو بە ئامانجگرتنی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە.

چاوش ئۆغلۆ لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەیدا هایکۆ ماس وتی تورکیا فریاگوزاریی مرۆیی بۆ خەڵکی مەدەنی ئەو ناوچانە دابینکردووە بەڵام وتیشی پێشنیازەکەی ئەڵمانیا بۆ ڕەخساندنی ناوچەیەکی ئارام ناواقعییە و هەروەها وتیشی ئێمە لێپێچینەوە دەکەیەن هەتا لە بچوکترین پێشێلکارییەک کە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدرابێت و بەدوای گلەیی و گازندەکاندا دەڕۆین و لێبوردە نابین لە کەمترین پێشێلکاریی بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ.

دیپلۆماتان ڕادەگەیەنن وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئانگریت کرامب کارینباوەر بە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی گوتووە ناوچەی ئاسایش دەبێت لەژێر کۆنتڕۆڵی سەرپەرشتییەکی نێودەوڵەتیدا بێت و ڕوسیاش بەشدار بێت، مەبەست لەم کارەش پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پەنابەران و بەردەوامی پێدانە بە جەنگ دژی ڕێکخراوی داعش.

بەڵام لە کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە بڕۆکسل جەختیان لەوە کردبۆوە کە نابێت تەنها مۆسکۆ و ئەنقەرە لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا بن و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " ئەم ڕەوشەی ئێستا جێی ڕەزامەندی نییە".

شایەنی باسە تورکیا لە 9 ی مانگی 10 وە لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی کوردنشینانی سوریا لە باکووری ڕۆژەهەڵاتی سوریا ئەنجامدا پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیاری دا هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بکشێنەوە.

XS
SM
MD
LG