Accessibility links

ئەمەریکا: تورکیا بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەڕوات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئەسپەر ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا تورکیا بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەڕوات، بە هێرشەکانی بۆ سەر سوریا و ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕوسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی هاوبەشی ناوچەی ئارام.

ئەسپەر لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە برۆکسڵ بەر لە کۆبونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ گوتی " تورکیا ئێمە هەمومانی خستۆتە ڕەوشێکی خراپەوە، بە هێرشەکانی ئەم مانگەی بۆ سەر باکوری سوریا و شەڕەکانی دژ بە چەکدارە کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە داعش."

ئەسپەر گوتیشی " پێم وایە هیچ بیانویەکی نییە بۆ ئەم هێرشانە."

چاوەڕوان دەکرێت بابەتی هێرشە لەشکرییەکانی تورکیا بۆ ناو سوریا باڵبکێشێت بەسەر کۆبونەوە دووڕۆژییەکەی ناتۆ لە کاتێکدا دیپلۆماتانی ئەو ڕێکخراوە دەڵێن وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئانکەرە ئەنجام دراوە.

مارک ئەسپەر بەرگری لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە باکوری سوریا، کە ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی کاریگەرانە ڕیگەی خۆش کرد بۆ هێرشەکانی تورکیا. لەم بارەیەوە وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتی " بڕیاری ئەمەریکا بۆ کشانەوەی کەمتر لە 50 سەرباز لە زۆنی هێرشەکان پاش ئەوە بوو کە زۆر ڕوون بوو بۆمان سەرۆک ئەردۆغان بڕیاری هاتنەوە ناو ئەو سنورەی داوە."

ئەو گوتیشی " من لەگەڵ ئەوەدا نەبووم کە لە 50 سەرباز کەمتر لە نێو ئەو 15 هەزار سەربازەی تورکیا و هەروەهاش ملیشیاکانی تری سەر بە تورکیا دابنرێن و ژیانی ئەمان بخرێتە مەترسییەوە. هاوکات بە نیازیش نەبووین شەڕ لەگەڵ هاوپەیمانێکی ناتۆدا ئەنجام بدەین."

XS
SM
MD
LG