Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی عەرەبستانی سعودیە دەکات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئەسپەر ڕۆژی سێشەممە تاوتوێی " هاوکارییە ستراتیژییەکانی" لەگەڵ شا سەلمانی عەرەبستانی سعودیەدا کرد ماوەیەکی کورت پاش ئەوەی واشنتن فەرمانی ناردنی هەزاران سەربازی دا بۆ شانشینەکە لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێراندا تا دێت زیاد دەکات.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی عەرەبستانی سعودیە SPA ڕایگەیاند سەردانەکەی ئەسپەر بۆ ڕیاد لە شەوی دووشەممە پاش سەردانێکی ڕانەگەندراوی بوو بۆ ئەفغانستان بۆ پێداچوونەوە بەسەر کێشەکانی بەرگری و بارودۆخی ئێستا لە هەرێمەکەدا.

لە 11 ی مانگی 10 پەنتاگۆن ڕایگەیاند سەربازی زیاتر ڕەوانەی عەرەبستانی سعودیە دەکات پاش ئەوەی ڕیاز داوای ڕێکخستنەوەی هێزەکانی کرد دوابەدوای هێرشەکەی ناوەڕاستی مانگی 9 بۆ سەر پیشەسازی نەوتی عەرەبستانی سعودیە، کە ئەمەریکا ئێران بەو هێرشە تاوانبار دەکات.

ئەسپەر گوتی دوو سیتمی دژە درۆن و دەزگای سیتمی بەرگی موشەک ناردراون بۆ عەرەبستانی سعودیە و لەو کاتەوە 3 هەزار سەربازی ئەمەریکا ڕەوانەی ئەو شانشینە کراون.

هێرشەکەی 14 ی مانگی 9 دوو دەزگای سەرەکی نەوتی حکومەتی تێکشکاند و زیانێکی زۆری بە پیشەسازی نەوتی وڵاتەکە گەیاند.

واشنتن ئەو کردارەی شەرمەزار کرد و بە "کرداری شەڕ" ناودێری کرد بەڵام نە عەرەبستانی سعودیە و نە ئەمەریکاش بە ئاشکرایی تۆڵەیان نەکردۆتەوە.

لە ماوەی ئەم چەند مانگەی دوواییدا ناکۆکییەکان لە کەنداو زیادیان کردووە لە کاتێکدا چەندین هێرش کراوەتە سەر پیشەسازی نەوت و تانکەرە نەوتەکان و ئەمەش ترسی شەڕێک لە نێوان نەیارە دەوڵەمەند بە نەوتەکانی ناوچەکە زیاد دەکات. ئێران نکوڵی لەوە دەکات هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە هەبێت.

.

XS
SM
MD
LG