Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کورد لە هاوکێشەی ئەمریکا و تورکیا و سوریادا


هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا واتە ڕۆژئاڤا لەوە دەرچووە کە بگوترێت تەنها ڕەهەندی ئاسایشییان هەیە، بەڵکو لە ئێستادا خوێندنەوەی جۆراوجۆری سیاسیانەشی بۆ دەکرێت.

خوێندنەوەی سیاسی لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا، بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ڕوسیا لە سوریادا، ئایندەی کورد لە سوریا و ناوچەکەشدا، ئەگەر و نەگەرەکانی مانەوەی بەشار ئەلئەسەد لە دەسەڵاتدا و هەروهاش ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و چەندان ڕەهەندی تریش لە پەیوەندی بەم دۆسێیانەوە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەش گەیشتونەتە تورکیا بۆ وتووێژکردن لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی ئەو وڵاتەدا بۆ ڕاگرتنی کردە لەشکرییەکانی "کانی ئاشتی."

پێشتر گەورە کاربەدەستانی ئانکەرە دەیانگوت ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا لەگەڵ مایک پێنس کۆنابێتەوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە درەنگانێکی ئەمڕۆ پێنجشەممە پێنس و ئەردۆگان کۆبوونەتەوە.

حەمە قەرەداغی
حەمە قەرەداغی

تا کاتی ئەم بەرنامەیە، هێشتا نازانرێت ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە چییە و چی نییە، بەڵام واشنتۆن هێشتا سورە لەسەر سەپاندنی سزای ئابوری بەسەر تورکیادا ئەگەربێتوو هێرشەکانی خۆی بۆسەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕانەگرێت.

سەرۆک ترامپ، لەوەتای ئەم ڕەوشە دەستیپێکردووە بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەوەی سزاکان دەبنە مایەی وێرانکردنی ئابوری تورکیا و دەشڵێت تورکیا ئەزموونی سزای ئەمریکای هەیە، وەک ئاماژەیەک بەو سزایانەی هاوکاتی دۆسێیەکەی قەشە برۆنسن سەپێندرانە سەر تورکیا.

هەرچۆنێک بێت سەردانی ئەم شاندەی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ تورکیا دوابەدوای نامەیەکی سەرۆک ترامپ دێت بۆ سەرۆکی تورکیا. لەو نامەیەدا سەرۆک ترامپ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەڵێت کارێکی زۆری کردووە بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی، هەر بۆیە جیهان شەرمەزار مەکە.

سەرۆک ترامپ لەو نامەیەدا دەنوسێت " مێژوو بە باشی لێت دەڕوانێت ئەگەر بە شێوەیەکی دروست و مرۆیانە ئەمەت ئەنجام دا. بۆ هەمیشەش وەک بەدکار لێت دەڕوانرێت ئەگەر شتی باش ڕوونەدەن. پـیاوێکی کەلـلەڕەق و گەمژە مەبە.".

زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە وڵاتانی ناوچەکەشەوە نیگەرانی و ناڕەزاییەکی زۆریان دەربڕیوە بەرامبەر ئەو کردە لەشکریانەی تورکیا و وەها لێی دەڕوانن کە دەبنە مایەی ئاڵۆزبوونی زیاتری هەردوو ڕەوشی ئاسایشی و سیاسی ناوچەکە و هەروەهاش سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی لەو ناوچەیەی جیهاندا.

هەرچۆنێک بێت و بە هەرچ شێوەیەک بێت لەم قەیرانەی ئەمریکا – تورکیا – سوریادا، کورد بەشێکی سەرەکی و گرنگی ڕووداوەکانە.

کورد ڕەخنەیەکی زۆری لە بڕیاری کشانەوەی سەرۆک ترامپ و لێدوانەکانی ئەم دواییەی هەیە کە تایبەت بوون بە کورد.

بەشێک لە چاودێران لەو بڕوایەدان ئەگەر سیاسییەکانی کورد لێزانانە سەروسەودا لەگەڵ ئەم دۆزەدا بکەن ئەوا شیانێکی زۆری هەیە ڕەوشەکە لە کۆتاییدا بە بەرژەوەندی کورد تەواو ببێت.

لە هەمان کاتیشدا کەم نین ئەوانەی جەخت دەکەنەوە لەوەی وەک هەموو جارێکی تر ئەمریکا کوردی فرۆشتەوە و جارێکی تریش وابەستەی پەیمانەکانی نەبووە کە پێشتر بە کوردی دابوون.

ئایا تورکیا مل دەدات بۆ فشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی تری جیهان؟

ئایا هێرشەکانی تورکیا دۆزی کوردی لە هاوکێشە سیاسی و ئاسایشییەکاندا لاواز کردووە؟

ئایا کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانێت چی بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئایندەییەکانی خۆی؟

حەمە قەراغی، چاودێری سیاسی، لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:24:41 0:00
XS
SM
MD
LG