Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: گولـلەباران کردنی خەڵکی لەلایەن هێزەکانی سەربە تورکیاوە لە باکوری سوریا ڕەنگە ببێتە تاوانی جەنگ


ڕۆژی سێشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا گولـلەبارانکردنی خەڵکی سڤیل کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوویداوە و لەلایەن چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە ئەنجام دراوە ڕەنگە بە ئەندازەی "تاوانی جەنگ" بێت و دەشێ ئانکەرەی لێ بەرپرسیار بکرێت.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕادەگەیەنن لە ماوەی ڕۆژانی کۆتایی هەفتەدا بەلایەنی کەم 9 کەسی سڤیل لە میانەی هێرشەکانی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا گولەباران کراون.

یەکێک لەو کەسانەش هەرڤین خەلەفی تەمەن 35 ساڵان بوو. هەرڤین سکرتێری گشتی پارتی پێشەڕۆژ بوو کە بە پێی لێدوانی هێزەکان لە ماشێنەکەی دەرکراوەو لەلایەن چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە کوژراوە.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کارمەندەکانی پێداچوونەوەیان بەسەر دوو گرتە ڤیدیۆی جیاوازدا کردووە کە وا دەردەکەوێت لە ڕۆژی 12 ی مانگی 10 لەلایەن چەکدارانی گروپی ئەحرار ئەلشەرقییە گولەباران کراوە کە سەر بە تورکیان.

گوتەبێژ ڕوپێرت کۆلڤیل گوتی ئەو وێنانە کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە تیایدا دەردەکەوێت کە چەکدارەکان خۆیان فیلمەکەیان گرتووە سێ کورد لەسەر شاڕێیەکی سەرەکی گولەباران دەکەن.

ئەو لە ژنێف بە ڕۆژنامەوانانی گوت تەنها یەک کەس لە قوربانییەکان بەرگی سەربازی لەبەردابووە هەروەها گوتیشی کاربەدەستان ڕاپۆرتیان لەسەر کوژرانی هەرڤینیش هەمان ڕۆژ لەسەر هەمان شاڕێ پێگەیشتبوو.

ئەو وتەبێژەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی وێنەکان و وردەکاری ڕووداوەکان، بەڵام گوتیشی بەپێی یاسایی نیونەتەوەیی گولەباران کردنی خەڵکی سەرپێچییەکی ڕژدە و ڕەنگە ببێتە تاوانی شەڕ.

ئەو گوتیشی بۆی هەیە تورکیا بۆ ئەو تاوانانە بەرپرسیار بکرێت بەهۆی ئەو سەرپێچییانەی لەلایەن ئەو گروپانەوە ئەنجام دەدرێت کە بەرگرییان لێ دەکات.

کۆلڤیل داوای لە ئانکەرە کرد " دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، شەفاف و بێلایەن بۆ هەر دوو ڕووداوەکە دەستپێبکات."

هەروەها گوتیشی پێویستە تورکیا " ئەنجامدەران و بەرپرسیاران لەو ڕووداوانە دەستگیر بکات کە هەندێکیان زۆر بە ئاسانی لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەناسرێنەوە کە خۆیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردۆتەوە".

XS
SM
MD
LG