هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌تى عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى به‌شێك له داواكارى خۆپیشانده‌ران، خه‌ریكه دۆخه‌كه هێور ده‌كاته‌وه، به‌ڵام نزیكى " چله‌ى ئیمام حوسێن" كه خه‌ڵكێكى زۆر له‌و بۆنه‌یه‌دا كۆ ده‌بنه‌وه، مایه‌ى مه‌ترسیه بۆ به‌رپرسانى عێراق.
ره‌نگه هه‌وڵى سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى عێراق، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هێوركردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه هه‌بووبێت، به‌تایبه‌ت دواى بینینى نوێنه‌رانى خۆپیشانده‌ران و ده‌ركردنى كۆمه‌ڵێك بڕیارى په‌یوه‌ندیدار به‌ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵك له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه.
هاوژین عومه‌ر راوێژكار له سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق، پێیوایه كۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى عێراق له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى خۆپیشانده‌ران و بڕیاره‌كانى حكومه‌ت، دۆخه‌كه‌ى تاڕاده‌یه‌ك هێور كردۆته‌وه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت"نابێت حكومه‌ت بێ خه‌م بێت، گه‌ر داواكارى خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ نه‌كرێت، هێوربوونه‌وه‌كه كاتى ده‌بێت."
هاوژین عومه‌ر، ده‌ڵێت"گه‌ر حكومه‌تى عێراق په‌له نه‌كات بۆ جێبه‌جێكردنى خواسته‌كانى خه‌ڵك،دوور نیه، ناره‌زایه‌تى به‌شێوه‌ى فراوانتر سه‌رهه‌ڵبداته‌وه."
توڕه‌یى شه‌قامى عێراقى له حیزب و ده‌سه‌ڵاتداران گه‌یشتۆته ئاستێك،باره‌گاى چه‌ندین حیزبى سیاسى له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه سوتێنراو هێرشیش كرایه سه‌ر نوسینگه‌ى چه‌ند په‌رله‌مانتارێك. له‌به‌رامبه‌ریشدا هێزه ئه‌منیه‌كانى عێراق په‌لامارى نوسینگه‌ى چه‌ندین كه‌ناڵى راگه‌یاندنیان دا، به‌هۆى ڕووماڵى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه.
نیگه‌رانى عێراقیه‌كان له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، سه‌ربارى ده‌وڵه‌مه‌ندى وڵاته‌كه‌یان، كه‌چى رێژه‌ى هه‌ژارى و بێكارى له ئاستێكى به‌رزدایه، به‌رپرسانیش هه‌موو جومگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتیان كۆنترۆڵ كردووه و بۆ به‌رژوه‌ندى تایبه‌تى به‌كارى دێنن.
وه‌كو هه‌نگاوێكى په‌له بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خواستى خۆپیشانده‌ران، حكومه‌تى عێراق بڕیارى دابه‌شكردنى زه‌وى و دروستكردنى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون و بڕینه‌وه‌ى موچه بۆ بێكار و ره‌خساندنى هه‌لى كارى ده‌ركرد.
حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیش، داواى له‌لایه‌نه عێراقیه‌كان كرد، پشتیوانى حكومه‌ت بكه‌ن بۆ چاكسازى به‌و شێوه‌یه‌ى مه‌رجه‌عیه‌ت داوایكردووه، هه‌روه‌ك جه‌ختیشى له‌سه‌ر چاوپۆشى نه‌كردن له‌گه‌نده‌ڵكاران و دادگایى كردنیان كرده‌وه.