Accessibility links

دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور


بڕیارە وتووێژی ناوکی ئاستی کارکردن لە نێوان کاربەدستانی ئەمەریکا و کۆریای باکوور لە ستۆکۆلم دەستپێبکاتەوە.

ئەمەش یەکەمین وتووێژی فەرمی نێوانیان دەبێت لەو کاتەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ و ڕێبەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئان لە مانگی شەش ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان پاش ئەوەی لە مانگی 2 لە میانەی لوتکەیەکەی ڤێتنام تێکچوون.

وتووێژەکانی شکستیان خوارد لەسەر چۆنیەتی قۆناغەکانی هەڵگرتنی سزاکان لەگەڵ هەنگاوەکان بۆ چەکداماڵین لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ ڕۆژی شەممە لە یۆنان ڕایگەیاند هیوادارە پێشوەچوون ئەنجام بدرێت و گوتیشی وتووێژکەرانی ئەمەریکا بە بیرۆکەی تۆکمەوە گەیشتوونەتە ستۆکۆلم.

هێشتا ڕوون نییە ئایە هیچ لایەکیان هەڵوێستەکانیان نەرمتر کردووە یان نا، سەرەڕای ئەوەی بەپێی پێشهاتەکانی ئەم دوواییانە وا دەردەکەوێت خواستی کارکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک زیادی کردووە.

لە کۆتایی مانگی ڕابوردوودا ترامپ ڕیاگەیاند " شێوازی نوێی" وتووێژەکانی ناوکی زۆر باش دەبن و کاربەدەستانی کۆریای باکووریش چەندین مانگە لێدوانی هاوشێوە دەدەن.

کۆریای باکوور بە بەردەوامی گوتوویەتی ناخوازێت یەکلایەنانە چەکە ناوکییەکانی ڕادەست بکات. لە بەری ئەوە پیونگیانگ پێشنیاز دەکات ئەو کارە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ هەنگاوەکان بۆ لابردنی سزاکان و دابین کردنی ئاسایشی ئەنجام بدرێت.

هەتا ئەم دوواییانەش کاربەدەستانی کۆشکی سپی دەیانگوت ناخوازن ئەو کارە قۆناغ بە قۆناغ بکرێت و دەیانگوت پێویستە کۆریای باکوور تەواوەی چەکەکانی لەناو بدات بەر لەوەی سزاکانی سەری لاببرێن.

وتووێژەکانی ڕۆژی شەممە ڕۆژێک پاش ئەوە دێت کە کۆریای باکوور ڕایگەیاند موشەکێکی نوێی بالیستیکی تاقیکردۆتەوە.

XS
SM
MD
LG