Accessibility links

عێراق و سوریا دەروازەیەکی سنووری نێوانیان دەکەنەوە


هەردوو حکومەتی عێراق و سوریا دەروازەی سنووری (قائم- ئەلبوکەمال)یان کردەوە بۆ بازرگانی و هاتوچۆی هاوڵاتیانلە نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش پاش 5 ساڵ لە داخستنی بەهۆی شەڕی داعشەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە لە مەراسیمێکدا دەروازەکە کرایەوە و ژمارەیەک ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر لە ڕێگەیەوە پەڕینەوە. ئەم دەروازەیە دەکەوێتە ناوچەیەک کە دانیشتوانەکەی لە هەردوولای سنوورەوە خێڵەکی سووننەن و پەیوەندی لە نێوانیاندا هەیە. لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن، زۆر جار نائارامی ناوچەی قائمی سەر بە پارێزگای ئەنباری گرتووەتەوە.

دەروازەکە زیاتر لە 330 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بەغدا و زیاتر لە 450 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی باکوری دیمەشقەوە دورە. لە ئێستادا مەترسی هەیە ئەم دەروازەیە کارئاسانی بۆ ئێران بکات لەوەی بە شێوەیەکی نهێنی چەک و تەقەمەنی لە ڕێگەی وشکانیـیەوە ڕەوانەی سوریا بکات.

جگە لەم دەروازەیە، دەروازەی ئەلولید هەبوو، بەڵام بەهۆی شەڕەکانەوە وێرانبوو. دەروازەکانی دیکەی سەر سنووری ئەم دوو وڵاتە زۆربەیان دەکەونە ناوچە بیابانی و شاخاوی کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانن یان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردی سوریا.

XS
SM
MD
LG