Accessibility links

بڕیارە ترامپ و ئەردۆغان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی سوریا


چاوەڕوان دەکرێت زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لەسەر سوریا بابەتی سەرەکی وتووێژەکانی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان بێت.

ئەو کۆبونەوەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە لە پەراوێزی کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدریت، لە کاتێکدایە کە ئانکەرە هەڕەشەی زیاتر چوونە ناو سوریاوە دەکات بۆ هێرش کردنە سەر هێزە کوردییەکان. یەپەگە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە و ئانکەرە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی سەر بە پەکەکەی دەزانێت.

ڕۆژی شەممە بەرلە بەڕێکەوتنی بۆ نیویۆرک ئەردۆغان گوتی " هەمو ئامادەکارییەکانمان لەسەر سنوور کۆتایی پێهاتووە، هیوادارین لەگەڵ ئەمەریکا ڕووبەڕووی یەک نەبینەوە، هەرچەندە ناتوانین ئەو پشتیوانییە ببینین کە ئەمەریکا لە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەکات."

شەڕڤانە کوردەکانی هێزەکانی پاراستی گەل لە گەڕەکەکانی ڕەققەی سوریا، 3 ی حەوتی 2017
شەڕڤانە کوردەکانی هێزەکانی پاراستی گەل لە گەڕەکەکانی ڕەققەی سوریا، 3 ی حەوتی 2017

ڕۆژی یەکشەممەش ترامپ و ئەردۆغان بە ڕێگای تەلەفۆن پێکەوە لەسەر بابەتە ئاسایشییەکان قسەیان کرد. هیچ لایەنێکیان وردەکاری ئەو پەیوەندییەیان ڕانەگەیاند.

یەپەگە هاوپەیمانێکی گرنگی واشنتنە لە شەڕی دژ بە داعش. سەرەڕای دژایەتی زۆری ئانکەرە، کاربەدەستانی لەشکری ئەمەریکا لە هەفتەی ڕابوردوو پڕچەککردنی یەپەگەیان لە شەڕی دژ بە داعش پشتڕاست کردەوە.

لە مانگی هەشتدا ڕێککەوتنێکی لەشکری لە نێوان ژەنەڕاڵە ئەمەریکاییەکان و تورکەکان ئەنجام درا بۆ پاراستنی سنووری تورکیا لە چەکدارە کوردەکان.

یەکەم پشکنینی ئاسایشی هاوبەشی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر سنووری سوریا 8ی نۆی 2019
یەکەم پشکنینی ئاسایشی هاوبەشی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر سنووری سوریا 8ی نۆی 2019

دەستپێشخەری نۆبەداری هاوبەشی لەشکری ئەمەریکای و تورکیا لە سەرسنوور ئەنجام درا کە واشنتن بە " میکانیزمی ئاسایشی"بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئانکرە لەقەڵەمی دا.

لە هەنگاوێکی تری دروستکردنی متمانە لەلایەن واشنتنەوە ڕۆژی دووشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەشداریان کرد لە ئۆپەراسیۆنی دژە داعش لە ئاسمانی سوریا کە ئەمەریکا کۆنترۆڵی کردووە.

هەرچەندە شارەزایان دەڵێن ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشیکی یەکلایەنە دەکات بۆ سەر یەپەگە هەتا کۆتایی ئەم مانگە ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن.

سۆلی ئۆزێل مامۆستای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی کەدەر هاس دەڵێت " زۆرێک کێشەی گرنگ هەن کە پێویستە چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەوەی لە لایەنی تورکیا و تەنانەت ئەمەریکاش دەیبیستین تەنها لەسەر سوریایە."

ئۆزیل دەڵێت " وا دیارە ئەوەی ئەمەریکاییەکان دەیانەوێت لەگەڵ ئەوەی تورکەکان دەیانەوێت زۆر جیاوازن لەیەکتر. دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت. جا ئایە ئەو کاتەی کۆدەبنەوە ئەمە چارەسەر دەکەن؟ نازانم. ئەگەر تورکیا یەک لایەنە بچێتە ناو سوریاوە ئەوا بێگومان ڕێککەوتنە لەشکرییەکەی مانگی 8 پوچەڵ دەکاتەوە، جا پێم وابێت ئێمە قەیرانێکی گەورەتر ڕوومان تێدەکات."

چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبونەوەیەدا بابەتێکی تری ئاڵۆزییە دوولایەنەکانیش تاوتوێ بکرێت ئەویش بابەتی کڕینی سیستمی دژە موشەکی S-400 ی ڕوسیاییە لەلایەن تورکیاوە.

واشنتن دەڵێت کڕینی ئەو سیستمە سەرپێچی کردنە لە یاسای ئەمەریکا کە ڕێگە دەگرێت لە کڕینی کەرەستی لەشکری ڕوسیایی.

کاربەدەستانی ئەمەریکا هۆشداریان داوە سیستمی S-400 کە لە مانگی 7 گەیشتە تورکیا هەڕەشە دەخاتە سەر سیستمی بەرگری ناتۆ.

ترامپ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F-35 ی ئەمەریکایی بە تورکیا ڕاگرت بەهۆی نیگەرانییەکان لەسەر ئەوەی لەگەڵ سیستمی S-400 کار ناکات. کۆمپانیا تورکەکانیش لە بەرهەمهێنانی پارچەی F-35دەرکراون.

ئەردۆگان هەوڵ تورکیا بخرێتەوە نێو پرۆگرامی F-35.

ئانکەرە کۆبونەوەکەی نێوان ئەو دوو سەرۆکە بە دەرفەتێک بۆ باشکردنەوە دەزانێت.

مەسوت کاشین ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت " سەرۆک ترامپ و ئەردۆغان چارەسەری نوێ بۆ شتەکان دەدۆزنەوە."

XS
SM
MD
LG