Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: پێشەوا کاکەیی


زۆر جار کە باس لە نەوەی نوێی شیعر دەکرێت هەمیشە یەکەم پرسیاری دەکرێت سەبارەت بە دنیابینی و ئەو ڕوانینانەیانە کە لەگەڵ تێکستەکانیاندا بە ئێمەی خوێنەری ئاشنا دەکەن.

بە دڵنیاییەوە کارێکی قورسە بکەوینە شەنوکەوکردنی تایبەتمەندێتییەکانی شاعیرێک، چونکە پێویستی بە وردبینییەکی زۆر و گەڕانێکی گەورەش هەیە بەناو پانتایی دەستەواژە و چۆنیەتی دەربڕینی وێنە شیعرییەکان و ئەو پاشخانە هزریەی شاعیر خۆی لەسەر بونیات دەنێت. ئەڵبەت ئەمە بێ لەوەی پێویستی بە شارەزاییش هەیە لە ڕابردووی شیعردا و پێکەوە بەستنی دوێنێ لەگەڵ ئەمڕۆدا تا هەردووکیان بتوانن لە پێشوازی سبەیدا بن.

بێگومان ئەوە بەشێکی گەورە و گرانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەکانە لە شیعر کە بتوانێت ئەو شتانەی لە دەقدا شاراوەن لەبەردەم خوێنەردا ئاشکرای بکەن و دنیابینی شاعیرمان بۆ شیتاڵ شیتاڵ بکەن، بە مەبەستی ئاشناکردنمان بە تێکستی داهێنەرانە و نوێخوازانە و هەروەهاش ببنە پەنجەرەیەکی کراوە بەسەر تێکستەکانی ئەو شاعیرانەی دەیانەوێت ڕێگە سەختەکانی شاعیر بوون ببڕن و تێکستە شیعرییەکانیان بە هیچ شێوەیەک لە ڕۆشنبیری دانابڕن.

زۆر شاعیرمان هەن لە تێکستە شیعرییەکانیاندا ناخوازن، ئاسایی بنوسن، بەڵکو بزێون و سەرکێشی دەکەن، بزێویەکە لەو شێوەیەیە کە زۆر نوسەر ئارەزووی لەو جۆرە بزێویەیە بەڵام پاشخانە ڕۆشنبیرییەکەی ڕێگەی نادات بزێویەکانی جوان و نوێ بنوێنن، زۆرێکی تری نوسەرانیش دەخوازن لەم ژانرەدا سەرکێش بن و وەک کەسێکی سەرکێش ڕەفتار بکەن، بەڵام تێنەگەیشتن لە خودی سەرکێشی دەیانبات بەرەو بە یەکدادان لەگەڵ دیوارە ڕەق و تەقەکانی بێ ئەنجامیدا.

کەم نین ئەوانەی پێیان وایە ئەو بزێوی و سەرکێشییە پێویستە لە هەموو سەردەمێکدا سەرهەڵبدات و پەرە بەخۆی بدات تا بتوانێت ببێتە ناسنامەی سەردەمی خۆی و پێی بناسرێتەوە، لەوبڕوایەشدانین پێکهێنانی ئەو ناسنامەیە بەتەنها کار و ئەرکی یەک شاعیرە بەڵکو وەک کارێکی بە کۆمەڵ لێی دەڕوانن.

بۆ شاعیر زۆر گرنگە خۆی لە دووبارەکردنەوەی پێش خۆی بپارێزێت و ببێتە خاوەنی زمانی خۆی لە تێکستەکانیدا و دەق بە ستایلی تایبەت بە خۆی بنوسێت تەنانەت ئەگەر لەو سەروەختەشیدا ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە بێتەوە.

پێشەوا کاکەیی، یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی نەوەی خۆی و جێی سەرنجێکی وردی نەوەی پێش خۆشیەتی و دەخوازێت جیاواز لە هاوتەمەنەکانی بزێوتر بێت و سەرکێش تریش بێت، بەڵام پەلەی تیادا ناکات و هێدی هێدی بە کۆڵان و شەقامەکانی شیعردا گوزەر دەکات و لە هەر شوێنێکدا وچانێک بگرێت ئەوا چرایەک لەوێدا جێدەهێڵێت.

با هەیە خەڵووز دەگەشێنێتەوە؛
دووکەڵیش هەیە چاومان دەکوژێنێتەوە.
با هەیە پەڕەى سپیی دەفتەرەکان… لێ دەکاتەوە و،
دەیانباتە سەر دەریا و، ڕیزیان دەکات.
شەپۆلى دەریاش هەیە، پەڕەکان… بەرەو کەنارى دەریا دەبات و،
لەسەر لم بە جێیاندێڵێت.
با هەیە تۆز و خۆڵى بیابانەکان… لەگەڵ خۆیدا دێنێت و،
دەیکاتە گەردەلوول،
تا وێنەى گەردەلوول، بەرەو ئاسمان ببات
چاڵیش هەیە لە نێوان دڵى من و تۆدا...
گەردەلوول قووت دەدات و، دەیخاتە نێو دڵ،
تا دڵمان زێدەتر درزى تێ بکەوێت.

زۆر جار بووە کاتێک دەقێکی شیعر دەخوێنیتەوە ماندووت دەکات و یان دووچاری دڕدۆنگییەکی کوشندەت دەکات، لەملاوە دەتبات بەرەو ئەولا و لە ناکاو لە شوێنێکدا کە نازانیت کوێیە، تەنیا لەبەردەم تراویلکەیەکدا جێت دەهێڵێت و ئیتر بە هیوابڕانەوە هەڵدەستیتەوە و بەڵام کاتێک بە نێو ئەو وێنە شیعریانەی پێشەوا کاکەییدا ڕۆ دەچیت ئەوا هەست بە ئاسودەییەکی زۆر دەکەیت، ڕێک وەک بڵێی شاگەشکە بوویت بە خوێندنەوەی دەقێك لێوان لێو لە فەنتازیا و پڕ پڕ لە شیعر و شێوازێکی جیاواز لە نوسین.

گەر زەمین نەبێت، کام هەسارە: ئەو هەموو تاوانکارە وە خۆ دەگرێت.
چ کانزایە، لێی دەردەهێندرێت، دواتر هەر مرۆڤیشە: خۆی پێ لە نێو دەبات.
نەوت، وەک خوداوەندێکی شلەمەنی سەیر دەکرێت، کەچی وەک تێزاب دامان دەپڵۆخێنێت.

ئاو، گەر بێ ڕەنگ و بێ بۆن و بێ تام نەبوایە: قەت نەدەچۆوە سەر خۆی، هێندەی مرۆڤ بیشێوێنێت.

وێنە شیعرییەکانی پێشەوا کاکەیی بەردەوام وەک گەشتیارێکن بە سوچ و کون و کەلەبەرەکانی گەردوون و پێکهاتەکانی گەردووندا دەگەڕێت، گەشتیارێکی شاعیرە و ورد سەرنج دەدات و وێنەکان بە زمانێکی پاراو دەپێچێتەوە و پێمان دەڵێت ئەوە خۆم و شیعر، ئەو ئیشی من و شیعر، ئیتر ئەوە ئێوە و خوێندنەوەتان بۆ شیعر.

شەو لەوەتی چووەتە دونیای مۆدێرنەوە،
مانگ تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بووە؛
لە نەخۆشخانەی گەردووندا پاڵ کەوتووە و
یەک ئەستێرەش ناناسێتەوە.


*ئایا دەشێت تایبەتمەندێتی بکەینە پێوانەیەک بۆ جیاکردنەوەی نەوەکانی شیعر؟

*ئایا پێشەوا کاکەیی شاعیر، توانیویەتی "هاوسەنگییەک بۆ وشە بگێڕێتەوە و چییدی وشە لە خودێتی مرۆڤدا قەتیس نەکرێتەوە."؟

*ئایا کردەی نوسین لە پێناوی چیدایە، درێژەدان بە ژیان، یان بۆ ئاشنابوون و ناسینی ئەودیوو تخوبەکانی دنیایە؟

پێشەوا کاکەیی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:51 0:00


XS
SM
MD
LG