Accessibility links

جیهان لە بەردەم مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان و گیان لەدەستدانی ملیۆنان کەس


لە پانالێکی شارەزایانی نێونەتەوەییدا هۆشداری ئەوە دراوە جیهان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی زۆری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە درمییەکان دەبێتەوە کە ڕەنگە ملیۆنان کەس بکوژێت و ببێتە هۆی پشێوی ئابوری جیهانی و حکومەتەکان پێویستە کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییە.

دەستەی چاودێری کردنی ئامادەکارییەکانی جیهان ناسراو بە (GPMB) بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی جیهان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناسراو بە (WHO) هۆشداری دەدەن نەخۆشییەکانی وەکو ئیبۆلا، ئەنفلونزا و سارس زۆر بە خێرایی لە جیهاندا بڵاو دەبنەوە بەهۆی ناکۆکییەکان تێکشکانی وڵاتەکان و کۆچکردنی زۆرەملێ.

ئەو گروپە دەڵێت " هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانە لە سەرانسەری جیهاندا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە". گروپەکە دەشڵێت شیانی بە خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بۆی هەیە دەیان ملیۆن کەس بکوژێت، ئابورییەکان تێکبشکێنێت و ئاسایشی نیشتمانی ناسەقامگیر بکات.

ڕاپۆرتەکە دەڵێتلە پاش بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا لە ساڵی 2014 بۆ 2016 لە ئافریکای باشوور حکومەتەکان و ئاژانسە نێونەتەوەییەکان هەوڵیان داوە هۆشیار بن و ئامادەکاری بکەن بۆ کارەساتی لەو جۆرە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی ئەو ئەنفلونزایە دەکات کە بە " ئەنفلونزای ئیسپانی"ناسرابوو و لە ساڵی 1918 بڵاو بۆوە شارەزایان دەڵێن وا مەزەندە دەکرێت نزیکەی 50 ملیۆن کەس لەو بەهۆی ئەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستدابێت. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ڕۆژانە لە سنوورەکان دەرباز دەبن نەخۆشییەکان دەشێ لە ماوەی کەمتر لە 36 کاتژمێردا بە جیهاندا بڵاو بنەوە و ڕەنگە 50 بۆ 80 ملیۆن کەس بکوژن و نزیکەی لەسەدا پێنجی ئابوری جیهان تێکبشکێنن.

لە بارێکی بڵاوبوونەوەی درمێکی لەو جۆرە سیستمی تەندروستی زۆربەی وڵاتان، بە تایبەتی وڵاتە هەژارەکان، دەڕوخێت.

ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی لە سەرەتای ئەم ساڵیش هۆشداری دا ئەنفلونزایەکی تر، کە بەهۆی ڤایرۆس لە هەوادا دروست دەبێت، بڵاو دەبێتەوە و پێویستە جیهان ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.

XS
SM
MD
LG