Accessibility links

لایەنە کوردیەکانى کەرکوک کێشەکانیان دەبەنە لاى نەتەوە یەکگرتووەکان


حەسەن شێخانی
حەسەن شێخانی

حیزبە کوردستانیەکانى کەرکوک، کێشە هەڵواسراوەکانى پارێزگاکە دەبەنە لاى نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایانلێدەکەن، بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانە ڕۆڵیان هەبێت.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، حەسەن شێخانى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى بزووتنەوەى ئیسلامى و ئەندامى وەفدى حیزبە کوردستانیەکان، ناوەڕۆکى سەردانەکەیانى بۆ لاى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکراکرد، ئاماژەى بەوەکرد دانانى پارێزگارێکى کورد بۆ کەرکوک و هەوڵدانى عێراق بۆ تەعریبکردنەوەى کەرکوک، لەگەڵ کەم و کوڕى یاساى هەڵبژاردن و نیگەرانیەکانى کوردیان لە سەرژمێرى گەیاندۆتە نەتەوە یەکگرتووەکان.

وتیشى"بەنەتەوە یەکگرتوەکانمان وت:کەرکوک تەنها ناوچەیە حاکمى سەربازى بەڕێوەى دەبات، بۆیە پێویستە شارەکە بە تەوافق بەرێوەببرێت و ئەنجومەنى پارێزگاش کارا بکرێتەوە."

بەپێى وتەى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى بزووتنەوەى ئیسلامى، نوسینگەى کەرکوکى نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵێنیان پێداون نیگەرانیەکانیانى کورد بۆ سەرووى خۆیان بەرز بکەنەوە، وتى"بەڵام پێیانوتین:یاساى هەڵبژاردن کورد خۆى لێى بەرپرسیارە، کە دەنگى پێدراوە."

حەسەن شێخانى، روونیکردەوە نەتەوە یەکگرتووەکانیان تێگەیاندووە لەوەى هەوڵێکى چڕ و پڕ بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچەکە لە ئارادایە، وتى"تێمانگەیاندن کە ناوچە سونەنیشینەکان بە شیعە دەکرێن، هەروەها ناوچە کوردستانیەکانیش تەعریب دەکرێن."

لەبەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى بزووتنەوەى ئیسلامى، ئەوەشى خستەڕوو کە عەرەب و تورکمانەکانى کەرکوکیش سەردانى نەتەوە یەکگرتوەکانیان کردووە، ئەوانیش کوردیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە لەدواى ساڵى 2003 بەهەزاران خێزانیان بردۆتە کەرکوک، وتى"دواتر ئێمە نەتەوە یەکگرتوەکانمان ئاگارکردەوە، بەم یاسایەوە بەشدارى هەڵبژاردن ناکەین و دەبێت پرۆسەى سەرژمێریش دوابخرێت، ئەگینا رێکارى مەدەنى دەگرینە بەر."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:03 0:00


XS
SM
MD
LG