Accessibility links

عەرەب و تورکمان دۆسیەى بێسەروشوێنکراوەکانیان"هەڵدەدەنەوە


بەرەى تورکمانى و ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى جارێکى تر دۆسیەى "بێسەروشوێنکراوەکانیان"هەڵدایەوە، کە هێزە ئەمنیەکانى سەر بە پارتى و یەکێتى لەو بارەیەوە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام بەرپرسانى کورد پێیانوایە هەڵدانەوەى دۆسیەکە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنە.

ئەرشەد ساڵحى سەرۆکى بەرەى تورکمانى و راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک، دواى کۆبوونەوەیەکى نێوانیان،لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، چارەنوسى "بێسەروشوێنکراوەکانیان" تاوتوێکردووە.

ساڵحى داواى لە هەرێمى کوردستان کرد، "رفێنراو و دەستگیرکراوەکانیان" ڕادەستى هێزە ئەمنیەکانى کەرکوک بکات.

لە وەڵامى داواکاریەکەى ئەرشەد ساڵحى دا، رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، ساڵحى بە هەوڵدان بۆ نانەوەى "ئاژاوە و دووبەرەکى"تۆمەتبار کرد، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"تا پێشمەرگە لە کەرکوک بوو، ساڵحى بەشان و باڵى پێشمەرگەدا هەڵیدەدا، کەچى ئێستا ئاراستەى وەسف و سەناکەى گۆڕیووە و کورد تۆمەتبار دەکات."

وتیشى"ساڵحى لەلایەک دێت لەگەڵ کورد کۆ دەبێتەوە و داواى پۆستى پارێزگار بۆ تورکمان دەکات، لەلاکەى تر قسەى سوک بە کورد دەڵێت، بۆیە ئەو پیاوێکى خاوەن ئیعتیبار نیە."

جارى یەکەم نیە کە عەرەب و تورکمان، دەزگا ئەمنیەکانى هەرێم بە "بێسەروشوێنکردن"ى دەیان کەسیان تۆمەتبار دەکەن، لە 29 ى مانگى تەمموزى ئەمساڵیش، گردبوونەوەى عەرەبى لەکەرکوک ناوى 1000 کەسى ڕادەستى ڕاکان جبورى کرد، گوایە لەلایەن هەرێمەوە بێسەروشوێنکراون.

لە لێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، مەحمود زەیدان ئەندامى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى، ئاماژەى بەوەکرد چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانى یەکێتى ئەنجامداوە، بەرهەمى کۆبوونەوەکان ئازادکردنى سێ وەجبە دەستگیرکراو بووە.

ناوبراو وتى"بەڵام بەرپرسانى پارتى سەبارەت بە دۆسیەى رفێنراوەکان وەڵامیان نەداوینەتەوە."

لەبەرامبەردا، عەدنان کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/گەرمیان ى پارتى، ئاشکرایکرد دوو کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانى عەرەب دا کردووە، لە کۆبوونەوەکاندا بابەتى "رفێنراوەکانیان" هێناوەتە پێشەوە، وتى"پێمانوتن:بەلیست ناوى ئەو کەسانەمان بدەنێ کە گوایە لاى ئێمە گیراون، بەڵام تا ئێستا هیچ لیستێکیان نەهێناوە."

وتیشى"خۆم دووجار بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کردوون، پێموتن:مەڕۆن لە ڕاگەیاندن قسە بکەن، لیستەکانمان بدەنێ، بەڵام ئەوان موزایەدە بەم پرسەوە دەکەن تا دەنگدەر بەلاى خۆیاندا ڕابکێشن."

کەرکوکى، بەتوندى ڕەتیکردەوە هیچ "رفێنراوێک"لاى هێزە ئەمنیەکانى هەرێم هەبێت، بەڵام ئەوەشى نەشاردەوە کە خەڵکانێکى "تاوانکار"گیراون و بە ئامادەبوونى کەس و کارەکانیان، دادگایى کراون.

دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:13 0:00


XS
SM
MD
LG