Accessibility links

باوباهۆزی دۆریان دەگاتە دورگەکانی بەهاماس و کەناری فلۆریدا


نێوەندی نیشتمانی باوباهۆزی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند شیانی ئەوە هەیە باوباهۆزی ئەم جارە کە ناوی لێندراوە دۆریان بەهێزتریش ببێت لە کاتێکدا ئێستا بە پلەی 4 دانراوە.

نێوەندەکە ڕایگەیاندووە "چاوەڕوان دەکرێت باوباهۆزی دۆریان بۆ ماوەی چەند ڕۆژی داهاتووش هەر بە بەهێزی بمێنێتەوە."

کەشناسان لە باکوری ڕۆژئاوای دوورگەکانی بەهاما دەڵێن ڕەنگە بەهۆی بەهێزی ڕەشەباکە ئاستی ئاو بەرز بە ڕێژەی 3 بۆ 5 مەتر بەرز ببێتەوە. نێوەندەکە دەڵێت "لە نزیک کەنارەکان نەک تەنها بەرزبوونەوەی ئاو دەبێت بەڵکو شەپۆلەکانیش زیاد دەکەن و زیانبەخش دەبن."

ئەم باوباهۆزەی کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو کەنارەکانی بەهاماس، کەناری ڕۆژهەڵاتی فلۆریدا و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا دەڕۆن ڕەنگە ئەگەر هێزەکەی کەم نەبێتەوە زیانێکی زۆر بگەیەنێت.

نێوەندی دۆریان بەرەو ئەتلانتیک لە باکوری باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا ناوەڕاستی بەهاما دەڕوات و هەتا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە دەگاتە کەناری فلۆریدا.

حکومەتی بەهاما هۆشداری باوباهۆزی بۆ دانیشتوانی باکوری ڕۆژئاوا بڵاو کردۆتەوە لە کاتێکدا سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ باری نائاسایی بۆ ولایەتی فلۆریدا ڕاگەیاندووە.

نێوەندی نیشتمانی باوباهۆز ڕادەگەیەنێت بەهۆی ئەوەی کە دۆریان بە کاوەخۆ دەڕوات، لە کاتژمێرێکدا 17 کیلۆمەتر، ڕەنگە ئەمەش ببێتە هۆی باران، ڕەشەبا و گەردەلول بۆ ماوەیەکی زۆر و هەروەها بۆی هەیە لافاویش هەستێت.

کاتێک باوباهۆزێک بە پلەی 4 مەزەندە بکرێت مانای ئەوەیە ئەو باوباهۆزە توانای زیانێکی کارەساتاوی هەیە، خانو دەڕوخێنێت و دەبێتە هۆی تێکدانی ڕێگەوبانەکان.

XS
SM
MD
LG