Accessibility links

شوێنی 249 گۆڕى بە کۆمەڵ لە عێراق دەستنیشاکراون


هەتا ئێستا 249 شوێن لە عێراق دەستنیشانکراون، کە گومان دەکرێت لەو شوێنانە گۆڕى بە کۆمەڵ هەبن، بەرپرسانى کوردیش لە بەغدا پێیانوایە بەشێک لەو شوێنانە، گۆڕى بە کۆمەڵى ئەنفالکراوەکانن.

مانگى رابردوو، گۆڕێکى بە کۆمەڵ لە پارێزگاى سەماوە دۆزرایەوە، کە ڕووفاتى 174 ژن و منداڵى تێدابوو، ڕووفاتەکان ڕەوانەى پزیشکى دادوەرى عێراق کراون بۆ پشکنین.

سالار مەحمود راوێژکار لە سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، کە هەفتەى رابردوو سەردانى پزیشکى دادوەرى بەغداى کردووە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"تیمێکى پسپۆر سەرقاڵى پشکنینى ڕووفاتەکانن."

ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیارە دوو گۆڕى ترى بە کۆمەڵ لە پارێزگاى سەماوە هەڵبدرێنەوە، دواى هەڵدانەوەى ئەو گۆڕانە و تەواو بوونى رێکار یاساییەکان، وەکئەو وتى"مەراسیمێکى گەورە و شایستەیان بۆ رێکدەخرێت و ڕووفاتەکان دەگەرێنرێنەوە بۆ کوردستان."

بەپیى قسەى راویژکارەکەى سەرۆکایەتى کۆمار، 249 شوێن دەستنیشانکراون، گومان دەکرێت سەرجەم ئەو شوێنانە گۆڕى بە کۆمەڵى سەردەمى رژێمى بەعس بن.

جەبار عومەر بەرێوەبەرى بەرێوەبەرایەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى ناوچەى گەرمیان، بەدەنگى ئەمەریکاى وت" ڕۆژانى داهاتوو، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەت ئەنجام دەدرێت، دواتر دەگەرێینەوە بۆ پارێزگاى سەماوە بۆ هەڵدانەوەى دوو گۆڕى ترى بە کۆمەڵ."

ئەنجامدانى پشکنین بۆ ڕوفاتى قوربانیانى نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکەى پارێزگاى سەماوە، لەکاتێکدایە تەیمور عەبدوڵاى ڕزگاربووى ئەنفال کە پێیوایە سەرجەم قوربانیەکانى نێو گۆڕەکە کەس و کارەکەین، رەخنەى لە چۆنیەتى هەڵدانەوەى گۆڕەکە هەیە و سکاڵاى تۆمار کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:35 0:00

XS
SM
MD
LG