Accessibility links

پێکدادان لە نێوان لایەنەکانی سەر بە هاوپەیمانی عەرەبستانی سعودیە لە باشوری یەمەن


دانیشتوان و کاربەدەستان دەڵێن بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە جودابیرانی باشور دوو بنکەی لەشکری حکومەتی یەمەنیان لە نزیک بەندەری باشوری عدەن گرتووە و ئەمەش بوو بە هۆی پێکدادانی نوێ لە نێوان بە ناو هاوپەیمانەکان کە هەوڵەکانی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە یەمەن ئاڵۆز کردووە.

جودابیران و حکومەت هەردووکیان بەشێکن لە هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە کە شەڕی دژ بە بزوتنەوەی حوسییەکانی سەر بە ئێران دەکات، کە لە ساڵی 2014 دەستیگرت بەسەر سەنعای پایتەخت و زۆربەی شارە سەرەکییەکانی تری یەمەن.

بەڵام لەم مانگەدا جودابیرەکان لەگەڵ حکومەتدا تێکچوون و لە 10 ی مانگی هەشتدا دەستیانگرت بەسەر بنکەی کاتییان لە عەدەن. دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن لە ڕۆژی سێشەممەش ئەوان دوو بنکەی لەشکری حکومەتیان لە زنجبار گرتووە کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر دوورە لە ڕۆژهەڵاتی عەدەنی پارێزگای ئابیانەوە.

لەلایەکی ترەوە لە باکوری وڵاتەکە، هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە ڕایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی لە نیوەشەودا کردۆتە سەر بنکەی لەشکری حوسییەکان لە سەنعا. بەوە دەچێت ئەو هێرشە وەڵامێک بێت بۆ هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر دامودەزگای سوتەمەندی لە عەرەبستانی سعودیەی دراوسێ.

توندوتیژییەکان و لێکترازانی هاوپەیمانان ڕەنگە ببێتە هۆی ئاڵۆزبوونی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێککەوتنی ئاشتی و وتووێژەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ئەو شەڕەی کە هەتا ئێستا بۆتە مایەی کوشتنی دەیان هەزار کەس.

XS
SM
MD
LG