Accessibility links

سرود ئەحمەد: ناپاکى هاوسەرێتى دەرئەنجامى پشتگوێخستنى ژنانە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە


لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا، دەست تێکەڵکردنى ژنێکى دانیشتووى کەرکوک لەگەڵ پیاوێکدا بۆ کوشتنى هاوسەرەکەى، بووە باس و خواسى میدیاکان، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئەفسەرێکى پۆلیسى ئەو شارە بە تۆمەتى دەستدرێژى کردنە سەر کچێک دەستگیرکرابوو.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، سرود ئەحمەد بەرپرسى لقى کەرکوکى ڕێکخراوى هیواى عێراقى، ئاماژە بە هەڵکشانى "ناپاکى هاوسەرى"دەکات، دەڵێت"مانگ هەیە 60 ژن بۆ سکاڵا تۆمار کردن لەسەر هاوسەرەکانیان، سەردانى ڕێکخراوەکەیان دەکەن."

سرود ئەحمەد، هۆکارى هەڵکشانى "ناپاکى هاوسەرێتى" بۆ تەکنەلۆژیا دەگێرێتەوە، باسلەوەدەکات خراپ بەکار هێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆڵێکى خراپیان لە هەڵتەکاندنى خێزان گێڕاوە، دەڵێت"زۆرێک لەو ژنانەى خیانەت دەکەن، خیانەت کردنەکەیان دەرئەنجامى پشتگوێ خستنیانە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، یاخود ژنەکە کە خیانەتى لێدەکرێت، بە خیانەت کردن تۆڵە دەکاتەوە."

بەپێى وتەى بەرپرسى لقى کەرکوکى رێکخراوى هیواى عێراقى، حاڵەتى سەیریان لە مەسەلەى پەیوەندیدار بە "ناپاکى هاوسەرێتى" تۆمار کردووە، وەکئەو دەڵێت"پیاو هەبووە لە پێش چاوى ژنەکەى، قسەى لەگەڵ ژنى تر کردووە و وێنەى خۆى بۆ ناردووە، بۆیە ژنەکەى بیرى لە شکاندنى هاوسەرەکەى و تۆڵە کردنەوە کردۆتەوە."

هەروەها دەڵێت"پیاوى بەتەمەن هەبووە عیلاقەى بووە، کارتى موبایل و جلى جەژنى بۆ کچ و ژنى تر کڕیووە و ژن و کچەکانى خۆى پشتگوێ خستووە، بۆیە ئەوانیش هاتوون سکاڵایان تۆمارکردووە."

سەبارەت بە چۆنیەتى هاوکاریکردنى ئەو کچ و ژنانەى بۆ سکاڵا تۆمار کردن دەچنە رێکخراوەکەیان، سرود ئەحمەد وتى"زۆرجار لەگەڵ ژن و پیاوەکە قسە دەکەین، راوێژیان پێشکەش دەکەین، یاخود هەندێجار دەیانبەینە تۆڕى پاراستنى ژن و منداڵ و بەڵێننامەیان پێ پڕ دەکەینەوە، دواتر چاودێریان دەکەین تا ئەو کاتەى بەباشى پێکدێنەوە."

لەکۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، بەرپرسەکەى رێکخراوى هیواى عێراقى، ئاماژەى بەوەشکرد هێنانى ژنى دووەم و سێیەم لەکەرکوک لە حاڵەتەوە دەرچووە و بووەتە دیاردە.

دەقی وتووێژەکەی دڵشاد ئەنوەر لەگەڵ خاتو سرود

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:44 0:00

XS
SM
MD
LG