Accessibility links

فشارى سە‌ر کاکە‌ییە‌کانى کەرکوک بە‌ردە‌وامە‌


تا دێت فشار بۆ سە‌ر کاکە‌ییە‌کانى باشورى کەرکوک چڕتر دە‌کرێتە‌وە‌، لە‌کاتێکدا هێرشی ناوبە‌ناوى داعش بۆ سە‌ر گوندە‌کانیان بە‌ردە‌وامى هەیە‌، هێزە ئە‌منیە‌کانى عێراقیش بە‌ گرفت دروستکردن بۆیان تۆمە‌تبار دە‌کرێن.

بە‌رە‌بە‌یانى ڕۆژی شە‌ممە‌، لە‌لایە‌ن هێزە عێراقیە‌کانە‌وە‌ دوو جوتیارى کاکە‌یى دە‌ستگیرکراون، تا ئێستا هۆکاری دە‌ستگیرکردنە‌کە‌یان بۆ کە‌س و کارە‌کە‌یان ڕووننە‌کراوە‌تە‌وە‌.

ڕە‌جە‌ب کاکە‌یى، چالاکوانى دیارى کاکە‌ییە‌کانى کە‌رکوک، بە‌دە‌نگى ئە‌مە‌ریکاى وت"لە‌لایە‌ک داعش هێرش دە‌کاتە‌ سە‌ر گوندە‌کانمان، لە‌لاکە‌ى تریش هێزە عێراقیە‌کان نە‌ک نامانپارێزن، بە‌ تۆمە‌تى جیا جیا لێمان دە‌ستگیردە‌کە‌ن."

وتیشى"بە‌هۆى فشارى سە‌ر کاکە‌ییە‌کانە‌وە‌، لە‌کۆى 14 گوند، 5 گوندمان بە‌ ئاوە‌دانى ماونە‌تە‌وە‌ و دوو گوندیشیان بە‌شە‌وان چۆڵى دە‌کە‌ن."

پێش 16 ى ئۆکتۆربە‌رى ساڵى 2017 ، ئە‌وکاتە‌ى کەرکوک لە‌ ژێر کۆنترۆڵى دە‌سە‌ڵاتى کوردى دابوو، هێزێکى پێشمە‌رگە‌ لە‌ کاکە‌ییە‌کان دروستکرابوو، ئە‌رکى پاراستنى ناوچە‌ کاکە‌یى نیشینە‌کانى باشورى کە‌رکوکیان پێ سپێردرابوو.

دواى کۆنترۆڵکردنە‌وە‌ى کەرکوک لە‌لایە‌ن هێزە عێراقیە‌کانە‌وە‌، حکومە‌تى عێراق بانگە‌شە‌ى دروستکردنى هێزێکى حە‌شدى شە‌عبى لە‌ کاکە‌ییە‌کان بۆ جێگرە‌وە‌ى پێشمە‌رگە‌ کرد، بە‌ڵام بە‌هۆى پێنە‌دانى موچە‌ و پشتیوانى نە‌کردنیان، پێکهێنانى هێزەکە‌ سە‌رینە‌گرت.

موقە‌دە‌م فە‌رهاد کاکە‌یى فە‌رماندە‌ لە‌ هێزى پێشمە‌رگە‌ى کاکە‌ییە‌کان، بە‌دە‌نگى ئە‌مە‌ریکاى وت"ئێمە‌ دووجار دژایە‌تى دە‌کرێین، جارێک لە‌بە‌ر کورد بوون و جارە‌کە‌ى تر لە‌بە‌ر کاکە‌یى بوونمان."

وتیشى"فشار دە‌خرێتە‌ سە‌ر گوندە‌ کاکە‌یى نیشینە‌کان، تا ناوچە‌کە‌یان پێ چۆڵ بکە‌ن و داگیرى بکە‌ن."

لاى خۆشیە‌وە‌، گوندنیشینێکى کاکە‌یى کە ‌داوایکرد ناوى بڵاونە‌کرێتە‌وە‌، داواى لە‌ دە‌سە‌ڵاتدارانى هەرێم کرد بچنە‌ سە‌ر هێڵ و کێشە‌ى گوندە‌ کاکە‌یى نیشینە‌کان لە‌گە‌ڵ عێراقدا چارە‌سە‌ر بکە‌ن.

گوندنیشینە‌کە‌، بە‌دە‌نگى ئە‌مە‌ریکاى وت"گە‌ر ئێمە‌ گوندە‌کانى کەرکوک چۆڵ بکە‌ین، فشار بۆ سە‌ر کوردە‌کانى ناو شارى کەرکوک دە‌ست پێدە‌کات."

لە‌کاتێکدا داعش هێرش دە‌کاتە‌ سە‌ر گوندە‌ کاکە‌یى نیشینە‌کانى کە‌رکوک، هێزە عێراقیە‌کان لە‌ ناوچە‌کە‌دا بوونیان هەیە‌، ئە‌مە‌ بووە‌تە‌ سە‌رچاوە‌ى گومان بۆ کاکە‌یە‌کان کە‌دە‌ستى سیاسى لە‌ پشت فشارە‌کانى سە‌ریانە‌وە‌ هە‌بێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:19 0:00

XS
SM
MD
LG