پاش دروستبوونى گرژى له نێوان ته‌یمور عه‌بدوڵاى ڕزگاربووى ئه‌نفال و تیمى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌ى پارێزگاى سه‌ماوه، تیمه‌که پرۆسه‌ى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌که‌یان ڕاگرت.
دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له وڵاتى ئه‌مه‌ریکا، ئه‌مڕۆ ته‌یمور عه‌بدوڵا ڕۆیشتووه‌ته پارێزگاى سه‌ماوه و له‌به‌رده‌م که‌ناڵه‌کاندا ڕه‌خنه‌ى له کات و شێوازى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌که گرتووه، له‌وکاته‌دا له‌گه‌ڵ تیمى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌که‌دا کێشه دروستبووه.
له گفتووگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا، ته‌یمور عه‌بدوڵا باسیله‌وه‌کرد له‌کاتێکدا له نزیک گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌که‌ى پارێزگاى سه‌ماوه کۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجامداوه، له‌وکاته‌دا ئه‌ندامانى تیمى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌که په‌رچه کرداریان نواندووه.
وه‌ک ئه‌و، ده‌ڵێت"ئه‌ندامێکى تیمه‌که، کردویه‌تیه پرچى یه‌کێک له قوربانیانى نێو گۆڕهکهداو به توڕه‌بوونه‌وه فرێیداوهته نێو عه‌لاگه، منیش چوومه پێشه‌وه، وتم: من نه‌هاتووم بۆ کێشه دروستکردن، به‌ڵام ئێوه گۆڕه‌کانتان تێکداوه، له‌وکاته‌دا به‌رپرسى تیمه‌که لێم توڕه‌بوو، بۆیه منیش توشى هه‌ڵچوون بووم."
ته‌یمور عه‌بدوڵا، له ساڵى 1988 له کاتى گوله‌بارانکردنى قوربانیانى ئه‌نفال دا له پارێزگاى سه‌ماوه هه‌ڵاتووه، تا ساڵى 1990 له ماڵ خێزانى عه‌ره‌بى ئه‌و پارێزگایه ماوه‌ته‌وه و داڵده‌دراوه، دواتر له کۆتایى ساڵانى نه‌وه‌ده‌کانى سه‌ده‌ى رابردوو، رۆیشتووه‌ته وڵاتى ئه‌مه‌ریکا و ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌و وڵاته‌ى هه‌یه.
ته‌یمور عه‌بدوڵا، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد دواى دروستبوونى گرفت له‌گه‌ڵ تیمى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌که‌دا، پرۆسه‌ى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌که راگیراوه، وتى"ده‌یانه‌وێ شکاتم لێبکه‌ن و بڕیارى گرتنم بۆ ده‌ربکه‌ن."
به‌پێى وته‌ى ته‌یمور عه‌بدوڵا، سه‌رجه‌م قوربانیانى نێو گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌که‌ى پارێزگاى سه‌ماوه، که‌س و کارى ئه‌ون که‌ژماره‌یان 110 قوربانیه، ده‌ڵێت"خۆم له‌و گۆڕه رزگارم بوو، له ساڵى 1988 ه‌وه شوێنى گۆڕه‌که ده‌زانم."
ته‌یمور عه‌بدوڵا، ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد ئه‌و ناڕازى یه له هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕى به‌کۆمه‌ڵى که‌س و کاره‌که‌ى ، تا ئه‌وکاته‌ى قه‌ره‌بووى که‌س و کارى ئه‌نفالکراوه‌کان ده‌کرێته‌وه و جاش و مسته‌شاره‌کان دادگایى ده‌کرێن.
ڕاگرتنى پرۆسه‌ى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌که‌ى پارێزگاى سه‌ماوه، له‌کاتێکدایه بڕیاربوو ڕووفاته‌کانى نێو ئه‌و گۆڕه ره‌وانه‌ى به‌غدا بکرێن به‌مه‌به‌ستى پشکنین.