لە هندستان کاردانەوەیەکی زۆر کەوتۆتەوە لەسەر قسەکانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ کە گوتی سەرۆک وەزیری هندستان نارێندرا مودی داوای لێکردووە هاوکاری بکات لە نێوەندگیری کێشەی درێژدەمی نێوان نیو دلهی و ئیسلام ئاباد لەسەر ناوچەی کشمیر.
وەزیری دەرەوەی هندستان سوبراهمانیەم جیاشەنکەر ڕۆژی سێشەممە لە کاتێکدا یاسادانەران داوای ڕوونکردنەوەیان دەکرد بە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند " من دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە هیچ داخوازییەکی لەو جۆرە لەلایەن سەرۆک وەزیرەوە لە سەرۆکی ئەمەریکا نەکراوە."
ڕێبەرانی ئۆپزسیۆن داوای بەیاننامەیان لە خودی مودی کرد بۆ ئەوەی دڵنیابن هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێبازی وڵاتەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کشمیر لەگەڵ پاکستان یەک لایەنە ئەنجام نەدراوە.
سەرۆک ترامپ لە میانەی کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری پاکستان عمران خان لە کۆشکی سپی باسی کە کێشەی کشمیر کرد و گوتی " ئەگەر من بتوانم هاوکاربم، خۆشحاڵ دەبم ببم بە نێوەندگیر."
لێدوانەکەی ترامپ کاردانەوەیەکی توندی لێکەوتەوە، چونکە لەمێژە هندستان هێڵی سوری داناوە بۆ هەر پێشنیازێکی لایەنی سێهەم بۆ ئەو کێشە لەمێژینەیەی لەگەڵ پاکستانی دراوسێی لەسەر کشمیری ناوچەی هیمالایەن کە دابەشکراوە بەسەر هەردوو وڵات و هەریەکەو بە هی خۆی دەزانێت.
کاربەدەستێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی ترامپ سەبارەت کاتێک پرسیاری لەسەر نکوڵی کردنی مودی لێرکرا سەبارەت بەوەی کە سەرۆک ترامپ گوتویەتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هەر وەکو سەرۆک بە ڕوونی ڕایگەیاند، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادە دەبێت هاوکاری بکات ئەگەر لەلایەن هەردوو وڵات هند و پاکستانەوە داوای لێ بکرێت."
ئاڵیس ویڵس، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری باشور و ناوەڕاستی ئاسیا لە تویتێکدا ڕایگەیاند " لە کاتێکدا کشمیر بابەتێکی دوولایەنەیە و پێویستە هەردوولا وتووێژی لەسەر بکەن، بەڕێوەبەرایەتی ترامپ پێشوازی دەکات لەوەی پاکستان و هندستان پێکەوە دانیشن و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ئامادەیە بۆ هاوکاری کردن."
هندستان داوا دەکات پاکستان هەنگاو بنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارە ئیسلامییانەی بنکەیان لە کشمیرە بەڵام پاکستان نکوڵی لەوە دەکات پشتیوانی لە گروپی لەو جۆرە بکات.
پاکستان لەمێژە هەوڵی ئەوە دەدات وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نێوندگیری بکات لە کێشەی کشمیر، بەڵام ئەمەریکا پێشتر دەیگوت پێویستە ئەم بابەتە لە نێوان هەردوو لایەنەکە چارەسەر بکرێت.
شایانی باسە کشمیر هۆکاری دووان لە سێ جەنگەکەی نێوان هەند و پاکستان بووە و کێشەیەکە بەردەوام هۆی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێی خاوەن چەکی ناوکییە.