Accessibility links

پەرتبوونی پارتەکەی ئەردۆغان لەلایەن هاوپەیمانە کۆنەکانیەوە


پاش ئەوەی پارتەکەی ئەردۆغان شارە هەرە سەرەکییەکەی تورکیا واتە ئەستەنبوڵی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکەی ئەمساڵدا لەدەستدا؛ سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی نوێ بۆتەوە لەلایەن هاوپەیمانە کۆنەکانییەوە کە دەیانەوێت لەحیزبی دادپەروەری و گەشەپێدان واتە ئاکەپە جیاببنەوەو پارتی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن.

وا دەردەکەوێت ئەو یەکگرتنە پیرۆزە لەدەوری سەرۆکی تورکیا ژەنگو درزی گەورەی تێبکەوێت، کە کۆمەڵێک هەنگاوی بێ پێشینە لەلایەن سەرەک وەزیرانی پێشووەوە ئەحمەد داود ئۆغلۆو و وەزیری پێشووی ئابوری باباجان لەئارادایە کە هەردوکیان ئەو چەند هەفتەیەی پێشوو رەخنەیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرت سەبارەت بە ئاڕاستەکردنی تورکیا.

سەبارت بە جوڵەكانی ئەم دوایەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، ئەردۆغان رایگەیاندووە، زۆرن ئەوانەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی پارتی داد و گەشەپێدان كردووە و جموجوڵی سیاسی تازەیان دەستپێكردووە، بەڵام چارەنووسیان شكستخواردن بوو.
ئەردۆغان هەروەها باسی باباجان‌و هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی كردووەو ئاشكرایكردووە، ئەوەی پێگەیاندووە، كە لەم كاتەدا هەستی بۆ ئەندامیەتی پارتی داد و گەشەپێدان بەرەو لاوازی دەچێت و پاساوی ئەوشی هێناوەتەوە، كە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی دۆخی نالەباری ئابووری وڵاتەکەیە.
دەستلەكاركێشانەوەی باباجان باس و خواسی پەرتبوونێكی گەورەی لە ڕێزەكانی ئەكەپە هێناوەتە كایەوە و چاوەڕێش دەكرێت ئاستی جەماوەری ئەو پارتە و ئەردۆغانیش لە شەقامدا دابەزێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاویكردۆتەوە كە باباجان بە هاوكاری لەگەڵ عەبدوڵا گول، پارتێكی تازە دادەمەزرێنن و كێبڕكێی پارتی داد و گەشەپێدانی ئێستای فەرمانڕەوای پێ دەكەن. هەموو ئەمانەی سەرەوەش لە دەرئەنجامی دۆڕاندنی پارتی داد و گەشەپێدان بوو لە دوا هەڵبژاردنەكانی توركیا، كە بە گەورەترین شكستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و پارتەكەی دادەنرێت.

هەروەها لیسڵ هینتیز لە زانکۆی جان هۆپکینزی ئەمریکایی دەڵێت ئەردۆغان وا دەڕوانێت شەڕ لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دەکات کە هەژموونی دەسەڵاتی ئەو دەخەنە بەردەم مەترسییەوە.

هەروەها دەشڵێت جیابوونەوەی ئەو کەسایەتییە دیارو بەناوبانگانەی حیزبەکەی داد و گەشەپێدان وەک بەرهەڵستکارانێکی نوێ وا پێدەچێت کاریگەرییەکی واێرانکاریی هەبێت بەسەر ئەردۆغانەوە بەتایبەتی بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی 2023 کە لەراستیدا دەبێت پاڵیۆڕاوی سەرۆکایەتی لەسەدا پەنجای دەنگەکان بەدەستبهێنێت ئەوجا براوە دەبێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس و رۆیتەرس

XS
SM
MD
LG