بڕیاری ئیبراهیم ڕەئیسی بەرپرسی دەزگای دادوەری ئێران بۆ ڕێگەدان بە بەخشینی کۆئەندامی لەشی ئەو زیندانیانەی کە سزای مەرگ دەدرێن ناڕەزایەتی زۆری لێ کەوتۆتەوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند ڕێگە دەدرێت بە بەکارهێنانی کۆ ئەندامی ئەو زیندانیانەی کە سزای مەرگ یان بڕینی کۆئەندامیان بەسەردا سەپێندراوە بەو مەرجەی زیندانییەکە خۆی بەوە ڕازیبێت.
کۆمەڵێک لە پزشکان و پارێزەرانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە ئەو بڕیارە دژی پرنسیپەکان مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکانە.
بەرپرسی کۆمەڵەی پزشکانی نەشتەرگەری ڕایگەیاندووە لەگەڵ ئەوەی ئەم بڕیارە بڕیارێکی گونجاو نییە دەشبێتە هۆی ئەوەی کولتوری بەخشینی کۆئەندامی لەش لە ئێراندا بخاتە مەترسییەوە.
دکتۆر عەلی جەعفەریان پزشکی نەشتەرگەری چاندنی جگەر دەڵێت پزشکەکان بە هیچ شێوەیەک ئەم شتە قبوڵ ناکەن و ئامادە نین کۆئەندامی لەشی کەسێکی لەسێدارە دراو بۆ چاندن بەکاربهێنن.
جێگای ئاماژەیە هەر ئێستا بەکارهێنانی کۆئەندامی لەشی زیندانیانی لەسێدارە دراوە لە چین باوە.