ڕابوون مەعرووف سەرۆکی پێشووی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ، لە پەرلەمانی عێراقدا داوایەکی ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد بۆ گۆڕینی ناوی فڕاکسیۆنەکەیان بۆ ئایندە.
لە بارەی ئەم گۆڕانکارییە بۆ دەنگی ئەمەریکا قسە دەکات و دەڵێت " ئێمە کە نەوەی نوێمان دروستکرد، بە پێی ئەو بانگەشانەی کە بۆمان کرد، ویستمان حزبێکی جیاواز بێ لەو حزبە بنەماڵەیی و کۆمپانیا سیاسیانەی کوردستانی عێراق، بەڵام دوای ئەوەی کە کاک شاسوار بوو بە سەرۆکی جوڵانەوەکە، ھەنگاو بە ھەنگاو پێگەی خۆی خراپ کرد و حزبەکەی کرد بە حزبی یەک خێزان و وایکرد حزب و کۆمپانیا تێکەڵ بن کە لە ئێستادا جیاکردنەوەیان مەحاڵە. بۆیە ئێمە داوامان کرد سەرۆکی جوڵانەوەکە بچێتە سەر کاری بازرگانی و واز لە جووڵانەوەکە بھێنێ یان ئێمە بەڕێزەوە حزبەکە بۆ ئەو بەجێبێڵین. دوای ئەوەی ئەو پێداگیری کرد کە لە سەرۆکایەتی نەوەی نوێ دەمێنێتەوە، ئێمە حزبەکەمان بۆ ئەو بەجێھێشت و پڕۆژەی دروستکردنی فڕاکسیۆنی ئایندەمان خستە بواری جێبەجێکردنەوە و لەم فڕاکسیۆنە تازەیشمان نزیکەی نیوەی ئەندامەکانمان ژنن و ھەوڵیش دەدەین بە کەمترین پارە چەند نووسینگەیەکی فڕاکسیۆنی ئایندە لە ھەولێر و سلێمانی بکەینەوە."
ڕاگەیاندنی فڕاکسیۆنی ئایندە لە کاتێکدایە، کە ھیچ حزبێک بەو ناوە بوونی نییە لە بارەی ئەمەوە ڕابوون مەعرووف گوتی " ئێمە حزبمان دروستنەکردووە، چونکە پێمانوایە زەمینەی سەرھەڵدانی حزبێکی تازە لە پاڵ حزبە بنەماڵەییەکان و بە کۆمپانیاکردنی حزب لە بار نییە بۆیە دەست بۆ دروستکردنی حزب نابەین، بەڵام ئێمە بڕوامان بە پێشخستنی فڕاکسیۆنێکی تازە و جیاواز لە ھەموو حزبە دووبارەکان ھەیە بە نەوەی نوێشەوە، بەو مانایەی ئێمە سێ پرانسیپ ھەن رەتیاندەکەیەوە: بە بنەماڵەیکردنی حزب و بە کۆمپانیاکردنی حزب و بە یەک کەسکردنی حزب."
تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە، گوێبیست بن.