Accessibility links

هاوکاری تایوان و ئەمەریکا بۆ ڕێکخراوی دەستپێشخەری نادیە موراد


پێنج ساڵ پاش هەڵمەتی ئەوەی کە زۆر لەلایەنەکان لە ناویاندا وەزارەتی دەرەوە بە جینۆسایدی داعش لە دژی ئێزدییەکان ناودێری دەکەن، ئێزیدییەکان و ئاینە کەمینەکانی دووچاری سەختییەکی زۆر بوون بۆ هاتنەوە سەر خۆ لە پاش ئەو کارەساتانەی لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییەوە بەسەریان هێنرا.

شەنگال لە پارێزگای نەینەوا وێرانەیە لە کاتێکدا دانیشتوانەکەی هێشتا ئاوارەن و هەوڵ دەدەن خۆیان ڕابهێنن لەگەڵ نەهامەتیانەی کە بەسەریاندا هاتبوو.

ڕۆژی هەینی ئینستتوتی ئەمەریکا بۆ ئاشتی ناسراو بە USIP بە هاوکاری لەگەڵ نوێنەرایەتی تایوان لە ئەمەریکا بۆنەیەکی ڕێکخست بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نادیە موراد باڵیۆزی نیازباشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی تا ڕێز لە لە هاوکاریکردنی تایوان بۆ ڕێکخراوی دەستپێشخەری نادیە بگرێت.

لە بۆنەکەدا نوێنەری تایوان ستانلی کاو لە وتارەکەیدا باسی مێژووی هاوکاری کردنی لە مێژینەی نێوان تایوان و ئەمەریکا کرد. ناوبراو گوتی هەرچەندە کۆتایهێنان بە شەڕ زۆر گرنگە بەڵام شانبەشانی ئەوە پرۆسەی ئاوەدان کردنەوە، سەقامگیری و یارمەتیدانی مرۆییش گرنگن.

کاو گوتیشی " من زۆر سەرسامم بە ورەو ئازایەتی نادیە کە داکۆکی لە مافی گەلی ئازارچێشتوو دەکات".

تایوان نیو ملیۆن دۆلاری بەخشیوە بە ڕێکخراوی دەستپێشخەری نادیە موراد.

لە هەمان بۆنەدا بەرپرسی ئۆفیسی تاوانی جیهانی سەر بە وەزارەتی دەرەوە کێلی کوری ئامادە بوو و ئەو ئاماژەی بەو دیارییەی تایوان دا و گوتی ئەمە گەواهییەکە بۆ بەهای هاوبەشمان لە بواری مافەکانی مرۆڤ.

کوری گوتیشی " نادیە نەک تەنها بۆتە دەنگێک بۆ خەڵکەکەی خۆی بەڵکو بۆ هەمو ئەوانەی بە کارەساتدا تێپەڕ بوون." ناوبراو گوتیشی " ئێمە ئامانجی هاوبەشمان ئەوەیە ئەوانەی تاوانیان کردووە بەرپرسیار بکرێن و نیشانی ڕزگاربووان و قوربانیان بدەین کە کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی نەک تەنها ئەوەی بەسەریان هاتووە بە جدی وەردەگرێت بەڵکو بە کردەوەش نیشان دەکات دادی خۆیان بگەن. ئەوەش گرنگە بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکانیان ئاوەدان بکەنەوە و بەرەو پاشەڕۆژێکی گەشتر هەنگاو بنێن."

خانم کوری گوتیشی " ئێمە بە ئاشکرا گوتومانە داعش بەرپرسیارە بەرامبەر بە جینۆساید لە دژی ئێزیدی ، کرستیان و شیعەی موسوڵمان لەو ناوچاونەی لە ژێر کۆنترۆڵیاندا بوو."

ئەو گوتیشی داعش تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوکردنی نژادی دژی ئەو کۆمەڵانە ئەنجام داوە و لە هەندێک باردا لە دژی سوننەکان کوردەکان و کەمینەکانی تریش.

ئەو ئاماژەشی بەوە دا کە ئەمەریکا 2 ملیۆن دۆلاری لەمساڵدا تەرخان کردووە بۆ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڵگەکردن و پاراستنی بەڵگەکانی دژ بە داعش کە ڕەنگە ببێتە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید.

هەروەها کۆنگرێس پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆفیسەکەی تەرخان کردووە بە مەبەستی پێشخستنی بەرپرسیارکردنی (داعش) لە عێڕاق و سوریا.

XS
SM
MD
LG