Accessibility links

مێزگرد: ئەستانبوڵ لە هاوکێشەی سیاسی تورکیادا


بە ملیۆنان دەنگدەری دانیشتووی شاری ئەستانبوڵ لە تورکیا چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی شارەکە.

ئەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ یەکشەممە کە دووهەم جارە هەڵبژاردن بۆ هەمان پۆست بکرێت، وەک ڕا وەرگرتنێکی گشتی لە سیاسەتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا لێی دەڕوانرێت و هەروەهاش وەک دەنگدانێکە لەسەر ڕەوشی وەک دەگوترێت ناجێگیری دیموکراسی لەو وڵاتەدا.

لە یەکەم هەڵبژاردندا کە رۆژی 31 ی مانگی سێ کرا، کاندیدیپارتی کۆماری گەل بە جیاوازییەکی کەم توانی سەرکەوتن بەسەر کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیادا بەدەست بێنێت.

ئەڵبەتە ئەمەش شکستێکی دەگمەنی ئاکەپە بوو لە گەورەترین شاری تورکیادا لە نێوەندی ئەو کێشە و قەیرانە ئابوریانەی لە تورکیادا هەن.

ئاکەپە کەوتە ناڕەزایی و سکاڵا کردن پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی یەکەم هەڵبژاردن و ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنیش لە تورکیا لەسەر بنچینەی ئەوەی پێشێلکاری لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی دا. ئۆپزسیۆن (پارتی کۆماری گەل- جەهەپە) ئەو بڕیارەی بە کودەتایەک بۆسەر دیموکراسی ناودێر کرد.

ئەردۆگان چەندان جار ئەوەی دووبارە کردۆتەوە " ئەوەی هەڵبژاردنی ئەستانبوڵ بباتەوە واتە هەڵبژاردنی تورکیای بردۆتەوە."

هەربۆیە پێدەچێت دۆڕاندنی هەڵبژاردن لە ئەستانبوڵ ببێتە گرفتێکی گەورە بۆ ئەردۆگان و ئاکەپە. لە ساڵانی نەوەتەکاندا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی شارەوانی ئەستانبوڵ بووە.

میوانەکانی مێزگرد:

بورهان ڕەئوف، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

هێژا دڵشاد، شارەزای کاروباری تورکیا

چاودێر ئاماژە بە گرنگی ئەم شارەی تورکیا دەکەن لە بواری سیاسی وڵاتەکەیاندا و دەڵێن لە ڕووی سیاسییەوە ئەستانبوڵ گرنگییەکی زۆر و جۆراوجۆریشی هەیە بەتایبەتیش کاتیک باس دێتە سەر دۆسێی دابەشکردنی سەرچاوەکان و لەوبڕوایەشدان ئەو لایەنەی ئەو سەرچاوانە بە شێوەیەکی ژیرانە بەکاربهێنێت ئەوا لە مەودای درێژخایەندا دەبێتە خاوەنی بەشێکی بەرچاوی دەنگەکانی ئەستانبوڵ لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا.

چاودێرانی کاروباری تورکیا لە ناو وڵاتەکەشدا ئاماژە بەوە دەکەن ئەستانبوڵ بودجەیەکی گەورەی هەیە، تەنانەت هەندێک جار لە بودجەی وڵاتە بچوکەکان زیاترە، هەروەهاش لە ڕووی دیمۆگرافییەوە ئەستانبوڵ دانیشتوانێکی هەیە نوێنەرایەتی هەموو وڵاتەکە دەکەن و جا ئەگەر کارێکی باش لە ئەستانبوڵدا بکرێت ئەوا لە هەموو وڵاتدا دەنگدانەوەی دەبێت، ئیدی ئەمانەن وەهایان کردووە ئەم شارە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا گرنگ بێت.

ئەکرەم ئیمامۆغڵو، کاندیدی جەهەپە بەردەوام ئاماژە بە فیڕۆدانی داراییەکی گەورە دەکات لە شاری ئەستانبوڵدا وەک دەڵێت بە ملیار لیرە بە فیڕۆ دراوە.

ئیمامۆغڵو لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا وتوویەتی " بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی حکومەت بڵاوی کردۆتەوە بڕی ئەو پارەیەی لە شارەوانی ئەستانبوڵ بە هەدەر چووە حەوت سەد و پەنجا و دوو ملیۆن لیرەیە. دەتوانین بەو پارەیە زۆر شت بکەین بۆ شارەکە."

کورد لەم هەڵبژاردنەدا وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن ئەگەر ڕۆڵی یەکلاکەرەوەش نەبێت ئەوا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە سەرکەوتنی یەکێک لە کاندیدەکان،بینیالی یڵدرم کاندیدی ئاکەپە و هەروەهاش ئەکرەم ئیمامۆغڵو کاندیدی جەهەپە.

ئەگەرچی کاربەدەستانی تورکیا لە لێدوانەکانیاندا ئاماژە بە داوایەکی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی کورد دەکەن کە گوتوویەتی با کورد بێلایەن بێت، بەڵام سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕێبەری پێشووی هەدەپە کە ئێستا لە زیندانە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەلایەتی تویتەردا نوسیویەتی، " ئەمڕۆ ئێمە بڕوامان وایە پێویستە پشتیوانی لە بەڕێز ئیمامۆغڵو بکەین، چونکە ئێمە پێکەوە گەورەین. هیچ لایەک بەبێ هەدەپە گەورە نییە. پێویستە هەندێک کەس لەوە تێبگەن کە دەتوانیت ئەسپێک بەریتە سەر ڕوبارێک، وەلێ ناتوانیت ناچاری بکەیت ئاوبخواتەوە. لە دڵەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم."

بەپێی ئەنجامەکانی ڕا وەرگرتنە گشتییەکان تا دوو ڕۆژیش پێش ئەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاندیدی جەهەپە لە پێش کاندیدەکەی ئاکاپەوەیە و هەندێکیش لەو ڕا وەرگرتنانە ئاماژە دەکەن بەوەی لەوانەیە لە ئەنجامی کۆتاییشدا ئەکرەم ئیمامۆغڵو بە ڕێژەی لە سەدا نۆ لە پێش بینیالی یڵدرم کاندیدی ئاکەپەوە بێت.

ئەگەر کاندیدی ئاکەپە هەڵبژاردنی دۆڕاند، ئایا دەرفەتی هەیە تا سیناریۆ و بیانوی تر بەکاربهێنێت بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن؟
بەشی زۆری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لای کاندیدی جەهەپە بۆ قسەکردن تەرخانکرابوو لەسەر گەندەڵی و بە هەدەردانی دارایی لە ئەستانبوڵ، ئایا ئەگەر هەڵبژاردنی بردەوە دەتوانێت چی بکات؟
ئایا پشتیوانی هەدەپە بۆ جەهەپە تاکتیکییە یان ڕێککەوتنە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش لە دەقی مێزگردەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:06 0:00


XS
SM
MD
LG