Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئیسماعیل هەورامی


بەردەوام لە هۆڵەکاندا نومایشتی شانۆیی هەن بەڵام ئەوەی نکوڵی لێناکرێت ئەوەیە ئێستا بینەری شانۆ وەک پێشتر نەماوە و بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا کەمتر بۆتەوە.

بەشێکی هونەرمەندانی شانۆیی ئەم کەمبوونەوەیەی بینەرانی شانۆییەکان بە قەیرانی بینەر و شانۆ ناودێر دەکەن، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی دەڵێن دراما تەلەفزیۆنیەکان کاریگەرییەکی نەرێنییان هەبووە بەسەر شانۆوە.

هونەرمەندانی شانۆ ئاماژە بە هۆکاری تریش دەکەن، وەک بەکارهێنان و چۆنییەتی سەروسەودا کردن لەگەڵ دەقدا، وەک دەڵێن کاتێک بینەر هەست دەکات بەوەی دەق لە خزمەتی ئەودا نییە و باس لەو دۆسێیانە ناکات کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەوەیەوە هەیە، ئیدی ئەو هەستەی لەلا دروست دەبێت کە پێویست ناکات چیی دی نومایشتە شانۆییەکان ببینێت.

ئەم جۆرە ڕوانینە لەکاتێکدایە کە تەنانەت ئەو شانۆگەریانەی نومایشتی دەقی بیانییەکانیان دەکرد خاوەنی بینەرێکی زۆر بوون.

هەرچۆنێک بێت لە هەر کاتێکدا باس لە شانۆ و تەنانەت دراما تەلەفزیۆنییەکانیش دەکرێت، پێویستە باس لە دەرهێنان و دەق و نواندن و چەندان شتی تریش بکرێن، کە هەر هەمووی پێکەوە دەبنە فاکتەر بۆ سەرکەوتنی نومایشتێک.

نومایشتە شانۆییەکان وەک زۆرێک لە ڕەخنەگران جەختی لێدەکەنەوە تەواوی مرۆڤایەتی لەم جیهانە بەرینەدا پێکەوە دەبەستێتەوە چونکە شانۆ وابەستەی خەون و ئەندێشە و هیواکان و تەنانەت مەینەتییەکانی مرۆڤیشە، ئەمە بێ لەوەی وابەستەییەکی تۆکمەی هەیە بە پەیوەندییەکانی مرۆڤیشەوە.

دەکرێت لێرەدا ئاماژە بەوە بکرێت کە نوسینی دەقی شانۆیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا نەبۆتە بەشێکی جێگیر لە جیهانی نوسیندا، ڕاستە هەوڵی ڕژد و داهێنەرانە هەن بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بگوترێت ئەم یان ئەو نوسەر هەر تەنها دەقی شانۆیی دەنوسێت. نەبوون یان با بڵێین کەمیی نوسەری دەقی شانۆیی دەشێت وەک یەكێک لە هۆکارەکانی نەبوونی شانۆیەک بە تایبەتمەندێتی کوردییەوە سەیر بکرێت.

هونەرمەندان کارێکی زۆر دەکەن لە بواری دراما تەلەفزیۆنییەکاندا، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە دراما بیانییەکان زیاتر جێی بایەخی بینەرانە. هەتا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بابەتیانە لەبەردەستدا نین تا بزانرێت بۆ.

لەمەشدا دابەشبوونێکی بەرچاو لای بینەران دەبینرێت، هەندێکیان ڕایان وایە درامای کوردی چەندێک خراپ بەرهەم بهێنرێت و ئاستی ئەو درامایەش بەپێی پێویست نەبێت، بەڵام هەر لە دراما بیانییەکان باشترە و دەشڵێن ناکرێت بەردەوام ڕەخنەی ڕووخێنەر لە دراما کوردییەکان بگیرێن یانیش هەمیشە بە دراما بیانییەکان بەراورد بکرێن لە کاتێکدا بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و هەروەها تەکنیکیش لای بیانییەکان زۆر پێشکەوتوو ترە.

بەشێکیش ئاماژە بە کردەی نواندن دەکەن و سەرنجیان وەهایە کە بەشێکی زۆری ئەکتەرەکان لە دراماکاندا، ئەکتەری شانۆن و نەیانتوانیوە خۆیان لە نواندنی شانۆیی بپارێزن و زۆر جاریش نواندنیان لە دراماکاندا وەک ئەوەیە لەسەر تەختی شانۆ بن نەک لەبەردەم کامێرای تەلەفزیۆنیدا.

ئایا تێگەیشتن لە کامێرا و چۆنیەتی سەوداکردن لەگەڵ کامێرادا لە دراماکاندا چەندێک گرنگە بۆ درامایەکی سەرکەوتوو؟

ئایا ئەکتەر لە درامادا توانیویەتی خۆی لە نومایشکردنی سەر شانۆ دوور بخاتەوە؟

ئایا کەمیی ڕەخنەی هونەریی و بەتایبەتیش ڕەخنەی شانۆیی پەیوەندی هەیە بە ئاستی نومایشتە شانۆییەکانەوە؟

هونەرمەند "ئیسماعیل هەورامی" لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:53 0:00

XS
SM
MD
LG