Accessibility links

ڕائید فەهمی: بوونی هەرچ هێزێکی لەشکری بیانی لە عێراقدا وەک داگیرکردنی بەشێکی وڵاتەکەیە


ڕائید فەهمی
ڕائید فەهمی

وڵاتانی دراوسێی عێراق بی لە دەستێوەردانە سیاسی و ئاسایشییەکانیان لەناو عێراقدا، بەردەوام لەشکرکێشیش دەکەن.

تورکیا بە بیانووی پارتی کرێکارانی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە بیانووی هێزە ئۆپزسیۆنە کوردیەکان لەشکرکێشی و هێرشی ئاسمانی و بۆردومانی ئەو ناوچانە دەکەن کە ئەو هێزانەی تیادان.

لەم ماویەی ڕابردوودا تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بۆسەر هەرێمی کوردستان زیادکردووە.

موقتەدا ئەلسەدر، کەسایەتی ناوداری شیعە ئاینزاکانی عێراق ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردۆتەوە و داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کردووە تا تەواوی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ تورکیادا مۆرکراون هەڵبوەشێنێتەوە و هەروەهاش داوا دەکات حکومەتی عێراق سنوری ئاسمانی و زەمینی خۆی بپارێزێت.

ڕائید فەهمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی سائیرون دەڵێت پێویستە حکومەتی عێراق گوێبیستی ئەو داوایەی موقتەدا ئەلسەدر بێت و دەشڵێت پێویستە تورکیاش هەنگاوێکی ئەرێنی بنێت، وەک دەڵێت "پێویستە حکومەتی تورکیا لەناو وڵاتەکەی خۆیدا بگاتە چارەسەرکردنێکی پەسەندکراو لەگەڵ لایەنی ئۆپزسیۆندا واتە پارتی کرێکارانی کوردستان، هەروەهاش نابێت پەکەکە خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا."

ڕائید فەهمی، سەبارەت بە بنکە لەشکرییەکانی تورکیا لە عێراقدا دەڵێت ڕاستە دەیان بنکەی سەربازی تورکیا هەن لە عێراقدا و بوونی ئەو بنکانەش بە ڕەزامەندی هیچ لایەنێک نییە و پێویستە لە ڕێی دیپلۆماسییەوە ئەو پێشێلکاریانە چارەسەر بکرێن.

ئەم ئەندام پەرلەمانەی عێراق ئاماژەش بەوە دەکات ئەگەر بێتوو ئەم ڕەوشە درێژەی هەبێت ئەوا دەبێت عێراق پێداچوونەوەیەکی ورد بکات بە تەواوی ئەو ڕێککەوتنە ئاسایشیانەی لەگەڵ تورکیادا پێشتر مۆرکراون و بە شێوەیەک دابڕێژرێنەوە کە سەروەری هەردوو وڵاتی تیادا پارێزراوبن ، نەک بەو شێوەیەی ئێستا هەن کە لە پێناو ئاسایشی تورکیادا، سەروەری عێراق پێشێل دەکرێت.

لە ڕاگەیاندنەکەیدا بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا، موقتەدا ئەلسەدر هیچ ئاماژەیەکی بە دەستێوەردان و بۆردومانەکانی ئێران نەکردووە.

بەڕێز فەهمی دەڵێت هەر جۆرە دەستێوەردانێک هاوشێوەی ئەوانەی تورکیا بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی عێراق، جا لەلایەن هەرچ وڵاتێکەوە بێت، جێی قەبوڵکردن نییە و دەشڵێت بەڵێ ئێرانیش هێرشی کردۆتە سەر ئۆپزسیۆنەکانی کورد لەناو هەرێمی کوردستاندا و ئەمەش جێی قەبوڵکردن نییە.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ ڕائید فەهمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی سائیرون، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:09 0:00

XS
SM
MD
LG