Accessibility links

حەسەن ڕۆحانی: ئێران ناتوانێت چیتر یەکلایەنە پابەندی ڕێککەوتنی ناوکی بێت ئەگەر وڵاتانی تریش پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبن


سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی شەممە لە پێنجهەمین دانیشتنی کۆنفرانسی هاوکاری و بڕواپێکردنی ئاسیا ناسراو بە سیکا کە لە شاری دوشەمی پایتەختی تاجکستان بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند ئەگەر لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەی کە ڕاگەیاندراوە وڵاتانی ئەوروپا هەنگاوی گونجاونەنێن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناوکیدا ئەوا ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەنگاوی گونجاو دەنێت.

حەسەن ڕۆحانی گوتیشی ئێران ناتوانێت چیتر یەکلایەنە پابەندی ڕێککەوتنی ناوکی بێت و دەبێت وڵاتانی تریش ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ڕۆحانی ڕایشیگەیاند لەو کاتەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە کشاوەتەوە و گەمارۆکانی دیسان سەپاندۆتەوە بەسەر ئێراندا، ئێران هێشتا پابەندی ڕێککەوتنەکە ماوەتەوە بەڵام چیتر ناتوانێت وا بەردەوام بێت ئەگەر لایەنەکانی تری ڕێککەوتنەش پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن.

ئێران پێشتر هەشتی مانگی 5 لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە هەندێک لە بەڵێنکانی خۆی هەڵدەپەسێرێت و لەهەمانکاتدا ڕایشتیگەیاند ئەگەر لە 60 ڕۆژدا دەرەنجامێک کە چاوەڕوانی دەکات نەیەتە دی ئەوا وابەستەی هەندێک لە بەڵێنەکانی تریش نابێت و هیچ ئاستێک لە پیتاندندا ڕەچاو ناکات.

XS
SM
MD
LG