Accessibility links

هێرش دەکرێتە سەر دوو کەشتی گواستنەوەی سووتەمەنی لە کەنداوی عومان


دوو کەشتی بارهەڵگری سووتەمەنی لە کەنداوی عومان کەوتوونەتە بەر هێرش و لە ئاکامدا زیانیان بەرکەوتووە و کارمەندی یەک لە کەشتیـیەکان بە سووکی برینداربووە.

هێزی پـێنجی دەریایی ئەمەریکا کە بارەگاکەی لە بەحرەینە، ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت هێزی دەریایی ئەمەریکا دوو داوای بەهاناچوونی پـێگەیشتووە، یەکێکیان لە کاتژمێر 6:12 ی بەیانی و ئەوی دیکەیان 7:00 ی بەیانی بە کاتی بەحرەین. دەشڵێت کەشتی (DDG 96) هێزی دەریایی ئەمەریکا یارمەتی پـێشکەش کردوون.

ئێرانیش لای خۆیەوە دەڵێت یەکەیەکی بەهاناچوونی هێزی دەریایی وڵاتەکەی بە هانای هەردوو کەشتیـیەکە چووە و 44 دەریاوانی ڕزگارکردووە و گواستونیەتەوە بۆ بەندەری جاسک.

کاربەدەستانی ئێران دەڵێن کەشتی یەکەم کە 25 میلی دەریایی لە بەندەری جاسک دورە، ئاڵای دورگەکانی مارشالی لەسەرە و میثانۆلی لە قەتەرەوە بارکردووە بەرەو تایوان. کەشتی دووەم 28 میلی دەریایی لە جاسکەوە دورە و ئاڵای پەنەمای بەسەرەوەیە و میثانۆلی لە بەندەرێکی عەرەبستانی سعودیـیەوە بارکردووە بەرەو سینگاپـور.

تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران وێنە و ڤیدیۆی یەکێک لە کەشتیـیەکانی بڵاوکردووەتەوە کە ئاگری لێ بەرزدەبێتەوە.

لە لایەکی دیکە کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی حکومەتی تایوان گوتی ئەو کەشتیـیەی لەوەدابوو 75 هەزار تۆن سووتەمەنی بۆ بگوێزێتەوە، پـێدەچێت بە تۆربید لێی درابێت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەردوو هێرشەکە نرخی نەوت بە ڕێژەی 4% بەرزبووەتەوە و نەوتی خاوی برنت گەیشتووەتە 61.74 دۆلار.

XS
SM
MD
LG