Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: چیمەن ساڵح


وەرگێڕانی دەقێک بۆ هەر زمانێکی تر کارێکی سانا نییە و دەکرێت بگوترێت هێندەی نوسینی تێکستێک قورس و گرانە.

زۆرێک لە وەرگێڕەکان لەوبڕوایەدان زۆر جار ئەگەر سەرقاڵی نوسینێکی خۆت بیت ئەوا یانی گۆڕانکارییەکان لە دەقدا بەو شێوەیە دەبن کە خۆت دەتەوێت یان بەو شێوەیە دەبن کە ژمارەیەک ڕەهەندی بۆ لەبەرچاو گیراون، لە کاتێکدا وەرگێڕانی دەقێک ئەو دەرفەتەت ناداتێ تا بتوانیت بە ئارەزووی خۆت کار لەسەر تێکستەکە بکەیت، بەڵکو وابەستەت دەکات بە ژمارەیەک پرەنسیپەوە کە ناکرێت یان زۆر ئەستەمە خۆتی لێ لابدەی.

زۆر جار ئەوەمان بەرگوێ دەکەوێت کە دەگوترێت "وەرگێڕان ڕێک وەک داڕشتنەوە یان نوسینەوەی جارێکی تری تێکستە" بەڵام زۆریک لە وەرگێڕەکان هاوڕا نین لەگەڵ ئەو جۆرە ڕوانینانەدا و دەڵێن هەرگیز کردەی وەرگێڕان نوسینەوەی دەق نییە لە هەمان کاتیشدا بە هیچ شێوەیەکیش ناکرێت لە نوسینی دەق کەمتر ببینرێت هەرچەندە وەرگێڕان بە بەراورد لەگەڵ نوسیندا، لە سەدا سەد ئازادییەکی ڕەهانادات بە وەرگێڕ تا بە خواست و ئارەزووی خۆی بتوانێت یاری بە چەمکی چنینی درامایی یان بە وێنەیەکی شیعریی ڕۆماننوسێک یان شاعیرێک بکات.

بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە وەرگێڕ نەتوانێت بەرگێکی نوێ بە بەری دەقێکدا بکات. چۆن؟ با لێرەدا ڕۆمان بە نمونە وەربگرین.

وەرگێڕێک ڕۆمانێک دەخوێنێتەوە بەو زمانەی ڕۆماننوسەکە پێی نوسیوە، سەرسام دەبێت پێی، دەبینێت نزیکە لە ژینگەی کۆمەڵگەکەی خۆیەوە، دیمەن و ڕووداوی وەهای تیادا دەبینێت کە نزیکە یان تەریبە لەگەڵ دیمەن و ڕوودوەکانی ناو کۆمەڵگەکەی خۆی،بە گرنگی دەزانێت ئەم ڕۆمانە بکەوێتە کتێبخانەی کوردییەوە، کاتی بۆ تەرخان دەکات، بیری لێدەکاتەوە، پلانێک بۆ چۆنییەتی وەرگێڕان دادەنێت، بە شوێن مانی ئیدیۆمەکاندا دەگەڕێت، تا بتوانێت بەرهەمێکی باش و بابەتیانە بخاتە بەردەم خوێنەری کورد و سەرنجی خوێنەری ڕژد بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و وەها بکات پردێک بۆ ئاشنابوونی نێوان خوێنەر و ڕۆمانەکە دروست بکات. ئا لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە جیاوازییەک هەیە لە نێوان بە کوردی کردنی دەق و وەرگێڕانی دەقێکدا. لە پرۆسەی بە کوردی کردنی دەقدا دەشێت وەرگێڕ بەرگێکی نوێی کوردانە بە باڵای کاراکتەرەکان و ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە ببڕێت بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە مانا و مەبەست و پەیامەکانی ناو ڕۆمانەکەدا دروست ببێت.

وەرگێڕی ناوداری کورد (سەڵاح بایەزیدی) لەمبارەیەوە دەڵێت "ئەگەر ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوت خوێندەوە و هەستت کرد کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە جلی کوردییان لەبەردایە یان فەزای گوند و شوێنێکی نیشتمانی خۆت لە مێشکتا وێنا بوو یان دەنا هەست بکەی کەسەکان بە کوردی قسە دەکەن، ئەوا بزانە ڕۆحی زیندووی تێکستەکە گوازراوەتەوە."

چیمەن ساڵح، نوسەر و ڕۆژنامەوان چەند ساڵێکە خەریکی کاری وەرگێڕانە، دواترین بەرهەمیشی ڕۆمانی (پاسکیلی کورد) ە. ئەلیسا لایتبۆرن، نوسەرێکی ئەمریکاییە و خاوەنی ئەم ڕۆمانەیە،تیایدا هەوڵی داوە لەڕێی بەراوردکردنێکی وردی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان بکات لە کۆمەڵگەیەکی ڕۆژئاوایی و کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتیدا. نوسەر پێمان دەڵێت وەک چۆن ژنانی ڕۆژهەڵاتی کێشەیان هەیە، ئاوەهاش ژنانی ڕۆژئاواش کێشەیان هەیە، بەڵام ژنانی ڕۆژئاوا کۆمەڵیک شت هەن هێز و تواناییان دەداتێت لە کاتێکدا ژنانی کورد لە گوندێکدا ئەو شتانەی نییە کە ببنە پشتیوان بۆی وەلێ وەک نوسەر پێمان دەڵێت ژنی کورد لە گوندە دوور دەستەکاندا حیکمەتێکیان لە دەرووندا هەیە و سەرچاوەی درێژەدانیانە بە ژیان و بە دڵپاکی و بەخشندەییش.

ئایا پێویستە کامە ڕۆمان وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی؟

ئایا وەرگێڕانی تێکستە ئەدەبییەکان دەبنە مایەی ئاشنابوون بە فەرهەنگە جیاوازەکان؟

بۆچی چیمەن ساڵح وەک ڕۆژنامەوانێک دەڕوات بەرەو دنیای وەرگێڕان؟

چیمەن ساڵح، نوسەر و ڕۆژنامەوان لەبەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:05 0:00

XS
SM
MD
LG