Accessibility links

مەسعود عەبدولخالق: قەیرانی هەرە گەورەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە دامودەزگاکان کارتۆنین و ڕاستەقینە نین


هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە دەکەن بەوەی هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی شاندیان دیاریکردووە بۆ وتووێژکردن بەر لەوەی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی بخوات.

یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان سەبارەت بەوەیە ئایا چەندێک ئەم ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی هەرێم دەبێت؟!
مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکی دەزگای ڕاگەیاندنی ستاندەر دەڵێت لەوبڕوایەدایە هەردوو لایەن دەگەنە ڕێککەوتن بەڵام ئەوەی لە بەرژەوەندی گشتی بێت وەک دەڵێت "مەرجێکە کاری کردە نییە" لەو ڕوانگەیەوەی هەرچی پەیمانێک لە کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکاندا دراون سەبارەت بە بەرژەوەندی گشتی و کوردایەتیی تا ئێستا جێبەجێ نەکراون و دەشڵێت بەڵام " ئەوانەی لە بارەی گەندەڵی و بەرژەوەندی کەسێتی و کاری نادروستەوە بوون جێبەجێکراون."

بەڕێز عەبدولخالق دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە لە چوارچێوەی پێانسەکردنی حکومەتیشدا بێت لەو سۆنگەیەوەی کە پێناسەکە بریتیە لە "هیچ دەسەڵاتێک لەسەرو دەسەڵاتی حکومەتەوە نییە" و دەشڵێت بەڵام لە هەرێم چەندان دەسەڵات لەسەرو دەسەڵاتی حکومەتەوە هەن وەک دەسەڵاتی بنەماڵە و حزب و کۆمپانیا و هەروەها دەسەڵاتی تاکە کەسەکانیش.

سەرۆکی دەزگای ڕاگەیاندنی ستاندەر ئاماژەش بەوە دەکات لە بەرامبەر دامودەزگاکانی حکومەتدا ئێستا بارەگای بارزانی هەیە وەک دەڵێت "لەگەڵ ئەوەشدا کە پێناسەیەکی یاسایی یان نیشتمانی نییە بەڵام ناتوانم بڵێم کارتۆنییە و ڕەنگە هێزێکی ڕاستەقینەبێت."

مەسعود عەبدولخالق لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، ئاماژە بە مەترسی هەوڵەکانی تورکیا دەکات لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتیش کە لەم ماوەیەی ڕابردوودا تورکیا پەیوەندی کردووە بە ژمارەیەک سەرۆک عەشرەت لەناو هەرێمی کوردستاندا و پەیمانی گەورەی داونەتێ لە ڕووی دارایی و دەسەڵاتەوە و تەنانەت تورکیا بەو سەرۆک عەشرەتانەی وتووە ئەو ناوچانە هەر هەمووی دەدرێنە دەست ئێوە و دەکرێنە ویلایەتێک وەک ویلایەتەکانی سەروەختی دەوڵەتی عوسمانلی، دەشڵێت خۆشبەختانە بەشی زۆری ئەو سەرۆک عەشرەتانە ئەو داوایانەی تورکیایان ڕەتکردۆتەوە بەڵام هەندێکیان نەرمییان نواندووە.

سەبارەت بە وەڵامی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم دیاردەیە، بەڕێز عەبدولخالق دەڵێت هیچ هەڵوێستێکی فەرمیانەیان نییە و دەشڵێت ئەگەر لەبری ئەو جموجۆڵانەی تورکیا، لایەنێکی کورد بووایە ئەوا ئێستا شەڕ دەگەیشتە ئاستی براکوژی.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:04 0:00

XS
SM
MD
LG