Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەرێمی کوردستانی عێراق لە قەیرانەوە بۆ قەیران


ئەگەرچی ڕێککەوتنی پێشوەخت هەبووە لە نێوانیاندا، بەڵام ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەک ئەوی تر گوناهبار دەکات بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان.

لەگەڵ ئەوەشدا کە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەیانگووت نێچیرڤان بارزانی کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەشتا و یەک دەنگی پەرلەمانتارانی مسۆگەرە، بەڵام لە دانیشتنەکەی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەماندا نێچیرڤان تەنها 68 دەنگی متمانەی پێدرا کە 45 دەنگی ئەندامانی پارتی و 12 دەنگی ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان و 11 دەنگی کۆتاکان بوو.

بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، برازای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی پێشووی هەرێم، داوا لە مەسرور بارزانی ئامۆزای بکات تا کابینەی نۆی هەرێم پێکبهێنیت. مەسرور کوڕە گەورەی مەسعود بارزانییە.

لەو دانیشتنەی پەرلەماندا تەنها هەشتا و یەک ئەندامی پەرلەمان ئامادە بوون لەسەرجەم سەد و یازدە ئەندام.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کرد. فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیش دەنگیان نەدا بە سەرۆکی نوێی هەرێمەکەیان.

فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەنگاوێکی بێ پێشینەدا بایکۆتی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی کرد، وەک دەڵێت چونکە پارتی وابەستە نەبووە بەو ڕێککەوتنە سیاسیانەی لە نێوانیاندا کراون بە ڕێککەوتنە زارەکییەکەی نێوان کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێر، ڕووداوەکەی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەمان شتێکی ئاسایی نەبووە لەو ڕوانگەیەوەی پێکهێنانی کابینەی نۆ دەخاتە بەردەم ئەگەری دواکەوتنی زیاترەوە، لە کاتێکدا نزیکەی هەشت مانگە هەڵبژاردنی گشتی کراوە لە هەرێم هێشتا کابینەی نۆ پێکنەهێنراوە.

هێشتا دیارنییە ئایا پارتی بەبێ یەکێتی و لەگەڵ گۆڕاندا کابینەی نوێ ڕادەگەیەنێت یان نا، بەڵام پێشتر پارتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد بۆ دانانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

لێکدانەوەکان زۆرن بۆ ئەم هەڵوێست و بڕیارەی ڕۆژی سێشەممەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

هەندێک شیکەرەوە ئاماژە بەوە دەکەن دەشێت یەکێتی لەو ڕێگەیەوە بخوازێت بە دۆست و نەیاری خۆی بڵێت لەگەڵ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم نییە. هەندێکی تریش بە دووری نازانن سەرچاوەی ئەو ڕووداوە ململانێ ناوخۆییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، بە تایبەتیش ئەوەی بە کێشەی نێوان نێچیرڤان و مەسرور بارزانی ناودێر دەکرێت.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر کەنعان حەمەغەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی

بەپێی لێدوانەکانی بەپرسانی پارتی و یەکێتی، دەشێت دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت لە نێوان هەردوولایاندا یەکێک بێت لە گرفتەکانیان.

لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە بکرێت کە بۆچی کەرکوک دەبێتە کێشەیەکی تری نێوان دوو لایەنی کوردی لەکاتێکدا وەک ڕاستییەکی مێژوویی، کێشە سیاسییەکانی ئەو پارێزگایە هەمیشە لە نێوان کورد و عەرەبدا بووە و هەندێک جاریش بەپێی ڕەوشەکە و ئەگەریش زانیبێتیان پێویست دەکات ئەوا تورکمانەکانیش چوونەتە ناو ئەو کێشەیەوە.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا بڕیاردراوە دواهەمین بڕیار بۆ بەشداربوونی یەکێتی لە حکومەتدا دەکەوێتە سەر وابەستەبوونی پارتی بە ڕێککەوتنەکانەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک و هەروەهاش ڕێککەوتن لەسەر پرسەکانی بەغدا. یەکێتی ئەوەشی نەشاردۆتەوە ئەگەر داواکانی بەجێنەگەیەندرێن ئەوا وابەستەی هیچ بڕیارێکی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق نابێت (سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی حکومەت) و بەشداریش نابێت لە کابینەی نۆدا، و وەک دەڵێت هەڵوێستی تریشی دەبێت.

پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت "برادەرانی یەکێتی بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم پشتیان لە ڕێککەوتنەکان کرد."

لە ڕوونکردنەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی پارتیدا هاتووە "بەداخەوە پشتکردنی برایانی یەکێتی لە ڕێککەوتنەکان و هەوڵدان بۆ کاتکوشتن لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەو گومانەیش دروست دەکات کە هەر لە سەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە کە پرۆسەی سیاسی دوابخرێت و پەکبخرێت و بە ئەنجام نەگات. لەگەڵ ئەوەیشدا پێمان وایە کە هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان خزمەتی پرۆسەی سیاسی ناکات و هەستیاری قۆناغەکە و چاوەڕوانی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیات ئەوەمان لێدەخوازێ کە پێکهێنانی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و بگاتە ئەنجام و کۆتایی."

ئایا کێ دەتوانێت لە هەرێمی کوردستان هاوکێشە سیاسییەکان ڕێکبخاتەوە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک نەک بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەکاندا؟

ئایا هەرێمی کوردستانی عێراق بەرەو دوو حکومەتیی دەڕوات؟

دکتۆر کەنعان حەمەغەریب، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:10 0:00

XS
SM
MD
LG