Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: عوسمان نەسرەوت


بۆ زۆرێک لە هونەرمەندانی شێوەکار دەربڕینێکی ئازادانەی پەیامە هونەری و مرۆییەکان لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئیستاتیکادا گرنگییەکی بێ کۆتایی هەیە لە هونەری شێوەکاریدا.

بەشێکی بەرچاوی هونەرمەندانی شێوەکاریش لەوبڕوایەدان هونەرمەند پێویستە ئازاد بێت لە چۆنییەتی گەیاندنی پەیامەکانیدا هەروەهاش هەڵگری چ جۆرە پەیامێکیشە، دەشڵێن پێویستیشە هەر ئەوەش بکرێتە پێوانەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی تابلۆکان.

هونەرمەندی داهێنەر هەمیشە خۆی لەبەردەم پرسیارەکاندا دەبینێتەوە و بەردەوام لە گەڕاندایە بەشوێن دۆزینەوەی وەڵامێک یان پێناسەیەک بۆ هونەر. وەڵامی ئەو پرسیارە ئایا هونەر چییە؟ وەڵامێکی تا بڵێی کراوەیە، فرە ڕەهەندە، لەوانەیە لە یەک کاتدا ژمارەیەکی بێ شوماری وەڵام لەبەردەمتدا ئامادەبن بەڵام ناتوانرێت یەکێکیان هەڵبژێریت و بە وەڵامی یەکلاکەرەوە ناودێری بکەیت، چونکە ئەمەش وەک هەموو چەمکە دژبەرەکان سۆنگەی جیاواز و ڕوانینی جیاواز بە دوای خۆیدا دێنێت، وەک ژیان و مەرگ، ڕوناکی و تاریکی، خەم و شادی، ڕوونی و لێڵی، ڕەش و سپی و هتد. کەواتە وەک چۆن هەر یەکێک لەو چەمکانە وەڵامی زۆر و جیاوازیش لە خۆ دەگرن، بۆ هونەریش هەر ئاوەهایە و بێگومانیش دوور نییە وەڵامی ئایا هونەر چییە، زۆر قوڵتریش بێت.

دەمێک ساڵە هونەرمەند عوسمان نەسرەوت دەناسم و ئاشنام بە تابلۆکانی.

کاتێک بینەر دەکەوێتە ڕەوشی قاڵ بوونەوە لە تابلۆکانی عوسمان یەکەم شت کە بە بیریدا دێت بەرەنگاربوونەوەیە.

ئەم هونەرمەندەمان دەخوازێت بە ڕەنگ و دیمەن و فیگەرەکانی ناو تابلۆکانی هەنگاوێکی گەورە هەڵێنێت بە ئاڕاستەی ئایندەدا، وەک خۆی جارێکیان لەو پێشانگایەی لە فێستڤاڵی نەتەوەکاندا لە شاری هاریسنبۆگ لە ستانی ڤیرجینیا پێی وتم "با هەنگاوەکان بە کاوەخۆش بن وەلێ هەر دەگەین."

ئەگەرچی زیاتر لە بیست و یەک ساڵە هونەرمەند عوسمان دوور لە زێدی خۆی دەژی و ئاوێتەی کلتورێکی تەواو جیاواز لە کلتور و فەرهەنگی خۆی بووە، بەڵام ئەو کاتەی کە دەبینیت عوسمان بێدەنگە لە هەموو کات زیاتر باسی نیشتمانت بۆ دەکات، لە هەموو کات زیاتر نغرۆی قوڵایی پرسیارێکی تر بووە لەسەر ئەوەی سبەی چیی ڕوودەدات، یان چیی لە هەگبەی خۆیدا بۆ هەڵگرتووە، خۆ کاتێکیش سەرنج دەدەیتە تابلۆکانی ئەوا دەبینیت چۆن خەمی نیشتمان بۆتە تارمایی بەسەر ژیانی ئەم پیاوەوە و ئەمیش لەڕێی ڕەنگ و جوڵەی فڵچەکەیەوە هەوڵ دەدات پێمان بڵێت ئەوە نیشتمانی من و ئەوەش مەینەتییەکانی، ئەوە خاکی من و ئەوەش زامەکانی، ئەوە شاری من و ئەوەش دەستە زبرەکان، ئەوە گەڕەکی خۆمان و ئەوەش گڵۆپە شکاوەکانی، ئەوە ماڵە کۆنەکەمان و ئەمەش بیرەوەریەکانی.

عوسمان نەسرەوت
عوسمان نەسرەوت

عوسمانی هونەرمەند ناخوازێت هەر تەنها وێرانەییەکان بکاتە بابەت بۆ تابلۆکانی، نا ، بەڵکو دەخوازێت لە ڕێی ڕەنگ کردنی برینەکانەوە ڕێگەیەکی ترمان بۆ هەڵسانەوە و هەنگاونان نیشان بدات بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی ناسنامە بزربووەکانماندا.

لە بیریشمان نەچێت لە دێر زەمانەوە گوتراوە هونەر دەتوانێت ببێتە ناسنامە.

تابلۆ هونەرییەکان وەک هەموو ژانرە فەرهەنگییەکانی ترمان خاوەنی زمانێکی تایبەت بە خۆیەتی و هێماکان و هێڵەکان و ڕەنگەکانن کە دەبنە زمانی تابلۆ و دەکەوێتە ئاخاوتن لەگەڵ بینەرانیدا.

گرنگە بۆ ئاخاوتن و تێگەیشتن لە تابلۆ، هێماو نیشانە ئیستاتیکاییەکانی تابلۆ بناسرێنەوە تا بتوانین ڕۆ بچینە نێو دنیا پەنهان و تایبەتییەکەی تابلۆکانەوە و ئیدی بشتوانین وەک بینەر چێژ لە تەواوی تابلۆکە وەربگرین، ئەڵبەت ئەمەش کارێکی سانا نابێت ئەگەر بێتوو هەوڵ بۆ هەبوونی ڕۆشنبیرییەکی هونەرییش نەدرێت، کە ئەمە دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسینەوەی تایبەتمەندێتی هونەرمەندی شێوەکار.

ئایا جەخت کردنەوە لە هەبوونی مۆرکێکی کوردانە لە تابلۆ هونەرییەکاندا بۆ هونەری شێوەکاری کارێکی ئەرێنییە؟

ئایا هونەری شێوەکاریی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بۆتە بەشێک لە فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە؟

ئایا کات و شوێن چەندێک کاریگەرییان هەیە بەسەر پەیامی هونەریی "عوسمان نەسرەوت"ی هونەرمەندەوە؟

عوسمان نەسرەوت، هونەرمەندی شێوەکار، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:00 0:00

XS
SM
MD
LG